وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکی باش."
حسێن ئەمیر عهبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزان و نوێنەرە دبلۆماسییەکانی ئێران لە وڵاتاندا باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کرد و رایگەیاند، "دوێنێ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم گەیشتینە رێککەوتنێکی باش، ئەم رێککەوتنە دەتوانێت کۆتایی بەو پڕوپاگەندانە بهێنێت کە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکهی ئێرانەوە خراونەتەڕوو."
حسێن ئەمیر ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم رێککەوتنە دەبێتە
هۆی زیادبوونی هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم."
راشیگەیاندووە، لە دانوستانەکانی ڤییەنادا دوو پڕۆژەپێشنیازیان
پێشکەشکردووە و لە هیچ کامێکیاندا هیچ پێشنیازێک نەبووە کە پێچەوانەی رێککەوتنامەی
ئەتۆمی بێت، لایەنی بەرامبەریش پێشنیازەکانی ئێرانی قبوڵکردووە.
باسی لەوەشکردووە، "هیوادارین لایەنی بەرامبەریش بە
نیازێکی باش و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان دانوستان بکات. ئێمە گەشبینین. ئەگەر
لایەنی بەرامبەر بکەوێتە خۆی ئەوا دەتوانین لەم گەڕەی دانوستانەکاندا بەرەوپێشچوون
وهدی بهێنین".
ئەوەش لەکاتێکدایە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران
لەلایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە بەڕێوەدەبرێت و ئێستا گەڕی حەوتەمی لە ڤییەننا بەڕێوەدەچێت،
بەڵام تا ئێستا بە ئەنجامێکی روون نەگەیشتووە.