ماوەی چوار رۆژەوە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەردەوامە و ئەمڕۆش لە شاری هەڵەبجەوە دەستی پێکردووەتەوە و خوێندکاران هاوشێوەی رۆژانی رابردوو لەبەردەم زانکۆی هەڵەبجەدا گردبوونەتەوە.
زانکۆی هەڵەبجە لە رۆژانی رابردووشدا لەبەردەم زانکۆکەدا بوون و رێگەیان بە مامۆستا و فەرمانبەران نەدەدا بچنە ناو زانکۆکەوە و بەشێکی مامۆستایانیش دەنگی خۆیان خستووەتە پاڵ خوێندکاران.
ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دەوام راگرتن و راگەیاندنی پشوو مانای ئەوە نییە ئەوان داواکارییەکانیان رادەگرن و کاریگەری نابێت لەسەر داواکارییەکانیان و بەردەوام دەبن لەسەر خۆپیشاندانەکان.
ماوەى چوار رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.
ئەمڕۆش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.
هەر ئەمڕۆش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.
هـ.ئـ