سەردێڕ:

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر: گێچی ئۆتۆمبێل بۆچی کراوە ئەگەر قەپاتی نەکەی؟

PM:06:03:23/11/2021

10224 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وەک توانج وێنەکەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەیەوێت بە گەنجان بڵێت، کاتێک بە چەند وشەیەک هانت دەدەن بۆ تیژڕەویکردن، کارەساتی لەدواوەیە و داوا دەکات، کە گەنجان نەبنە مایەی ئازار بە دایک و باوک و کەسانی چواردەوریان.


فازڵ حاجی دەڵێت، کاتێک شۆفێری دەکەیت و هاوڕێیەکت وەک سەرنشین لەگەڵتە و بەهەندێک رستەی نەشیاو هانت دەدات تیژڕەوی بکەیت، ئەوا کارەسات روودەدات، ئەو دەیەوێت لە رێگای خستنەڕووی ئەو رستانەی لە نێوان گەنجەکان دەوترێت و نەشیاون، "گەنجان هۆشیار بکاتەوە."

فازڵ حاجی باسی لە رستە هاندەرەکان کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە ئەوان پێت بڵێن: "ئەگەر پیاو بێت ٢٢٠ قەپات دەکەیت، رێگانادەیت کەس بەپێشت بکەوێت، وەکو مار لول ببە و لەنێوان ئۆتۆمبێلەکان؛ کەس ناوێرێت لێت نزیک ببێتەوە، گێچی سەیارە بۆچی کراوە ئەگەر قەپاتی نەکەی؟ ،یەک فەڕەی ١٢٠ مەتری بە ١٠ خولەک تەواو بکە، بەبێ دەست ئۆتۆمبێل لێبخوڕە... ئەگەر و ئەگەر و ئەگەر."

فازڵ حاجی باسی لەوەشکردووە، "کاتێکیش توشی کارەساتێک دەبیت و لە نەخۆشخانە دەکەویت یان دەتبەنە گۆڕستان، هیچ یەکێک لەوانەی پیاوەتی تۆیان تاقی دەکردەوە، بەلای ماڵەکەشتاندا ناچێت، ئەگەری باسیتشت بکەن پێت دەڵێن: لەخۆی گۆڕابوو."

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئامۆژگاری گەنجان دەکات و دەڵێت، دایک و باوک و کەسە نزکەکانتان خەمبار مەکەن و "با قسەی ئەو جۆرە هاوڕێیانە وەکو شنەبایەک لە گوێچکەی راست بچنە ژوورەوە و لەچەپ فڕێ بدرێنە دەرەوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان لە هەرێمدا دادەنرێت، کە هۆکارێکی سەرەکی بۆ رووداوەکان تیژڕەوی و قوربانییەکی سەرەکیش گەنجانن. کە هاتوچۆ بەشێکی هۆکارەکەی بۆ سەرکێشی بەشێک لەو گەنجانە دەگەڕێننەوە، بە جۆرێک لە شەقامە ئاساییەکاندا پێشبڕکێ دەکەن، کە شەقامەکان خۆیان کەموکوڕیان هەیە و هەندێک جار بەشێکن لە هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆ.

هـ.ئـ













گەلەری