سەردێڕ:

وەزاره‌تی کارەبای هه‌رێم: عێراق لە هەوڵی سوود وەرگرتندایه‌ لە ئەزموونی کارەبای هەرێم

PM:09:24:18/11/2021

2676 جار خوێندراوەتەوە

وەزاره‌تی کارەبای هه‌رێم رایگەیاند، وەزیری کارەبای عێراق سەردانی هەولێری کردووە و بەغدا لە هەوڵی سوود وەرگرتندایه‌ لە ئەزموونی کارەبای هەرێم، دەشڵێت، "هەرێم ئامادەیە بۆ هاوکارییکردنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی لە بواری کارەبادا."


بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێم، عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق گەیشتە هەولێر و لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی کارەبا، "رۆڵی وەزارەتی کارەبای هەرێمی لە بواری بەرهەمهێنان و سوود وەرگرتن لە گازی بەفیڕۆچوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەنجامدانی پرۆژەکانی گواستنەوەی کارەبا گرنگ نرخاندووه‌."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پرۆژەی پێوەری زیرەک، رۆڵی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا، بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەكانی نه‌وت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نێوان هەرێم و عێراق، شاندی باڵا دەنێرێتە هەرێمی کوردستان."

باسی لەوەشکردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم پوختەیەکی سەبارەت بە کەرتی کارەبای هەرێم خستووه‌تەڕوو، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاوکاریی کردنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی پیشانداوه‌ بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و عێراق سوودمەند بن."

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "هه‌ردوولا باسیان لە پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ٤٠٠ کەی ڤی لە تورکیاوە بۆ کوردستان و عێراق کردووه‌ کە لە تەواوبوون دایە."

لە هەفتەی رابردوودا، وەزارەتى کارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەرزبووەتەوە"، کە بەپێی ئەو راگەیەنراوە بێت لە ماوەی داهاتوودا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمتر دەبێتەوە.

ساڵانە، لەکاتی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات و بەتێپەڕبوونی چەندین کابینەی حکومەتی هەرێم و پاش چەندین بەڵێن بۆ چاککردنی، هێشتا پرۆسەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییانی هەرێم لە ئاست داواکارییەکانیاندا نییە.













گەلەری