هێزى سنورپارێزى پۆڵەندا رایگەیاند "لەلایەن کۆچبەرانەوە هەوڵى بەزاندنى سنورەکانى ئەو وڵاتە دەدرێت و تەنها دوێنێ یەکشەممە ١١٨ هەوڵى لەو جۆرەیان پوچەڵکردۆتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، ھێزی سنورپارێزی پۆڵەندا رایگەیاند "تەنھا دوێنێ یەكشەممە، ١١٨ ھەوڵی بەزاندنی سنورەكانى وڵاتەکەمان پوچەڵكردۆتەوە ، ٣٩ كۆچبەریش گەڕێنراونەتەوە".
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى ھێزی سنورپارێزی پۆڵەندا،
تەنھا لەم مانگەدا لەلایەن کۆچبەرانەوە پێنج ھەزار و ١٠٠ ھەوڵی بەزاندنی سنور دراوە .
هاوکات پۆلیسى پۆڵەندا رایگەیاند " چوار قاچاخچیان دەستگیر كردووە كە ھەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانی و سویدی و
ئۆكرانی و ئەڵمانی بوون و دەیانخواست ٣٣ كۆچبەر بپەڕێننەوە".
دوێنێ یەکشەممە پۆلیسی پۆڵەندا بڵاویكردەوە،
پاش ئەوەی شەوی رابردوو لەسەر سنورەکان بە ئارامی و بەبێ کێشە تێپەڕی لە ئێستادا
جموجوڵێكی نائاسایی لە ناو کۆچبەرانی سنوری بیلاڕوسیا دەستیپێكردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازی
بیلاڕوسیا و ئۆتۆمبێلی پەخشی تەلەفزیۆنی ئامادەكراوە و ھانی کۆچبەران دەدرێت ھەڵمەتی
بەزاندنی سنوری پۆڵەندا ئەنجامبدەن.
هاوکات، تیمی ئێن ئاڕ تی لە سنوورەکانی بیلاڕوسیا
و پۆڵەنداوە وتی، بیلاڕوسیا فشار لە کۆچبەران دەکات هێرشبکەنە سەر سنووری پۆڵندا.
لای خۆشییەوە، حکومەتی پۆڵەندا ئامادەیی تەواوی
خۆی دەربڕیوە بۆ بەرپەرچدانەوە و پاراستنی سنورەكانی.
ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق
بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا
ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و دوێنێش سەربازێکی پۆڵەندا لەسەر
سنور گیانی لەدەستدا.
ئەو کۆچبەرانە باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان
و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی
ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە
منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنوری بیلاروسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و
مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا.