سەردێڕ:

لە بەغدا چی روویدا؟

PM:01:52:07/11/2021

18644 جار خوێندراوەتەوە

درەنگانی شەوی رابردوو، بە سێ فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو و بە ئامانجی "کوشتنی" سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشکرایەسەر شوێنی مانەوەی لە ناوچەی سەوز، بەڵام بە سەلامەتی رزگاری بوو.


کاتژمێر ٢ی شەو لە هێرشێکدا هەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی درا، شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کرایە ئامانج.

دوابەدوای هێرشەکە مستەفا کازمی لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، "من باشم سوپاس بۆ خوا لەناو گەلەکەمدام و داوای ئارامی لە هەمووان دەکەم بۆ عێراق."

دواتر لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی وتەیەکی یەک خولەکیدا، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەدا، "موشەکەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ترسنۆکەکان نیشتمان و داھاتووی ئێمە دروستناکەن."

وتیشی، "ئێمە کاردەین لەسەر دامەزراندنی نیشتیمانەکەمان لە رێگەی رێزگرتن لە دەوڵەت و دامەزراوەکانیو دامەزراندنی داھاتوویەکی باشتر بۆ ھەموو عێراقییەکان."

پێشتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە مستەفا کازمی بەهۆی هێرشەکەوە دەستێکی کەمێک برینداربووبێت و ١٠ لەپاسەوانە تایبەتەکانیشی برینداربووبن، بەڵام شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، کازمی سەلامەتە.

لەلایەن خۆیەوە، سەعد مەعن بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ژمارەیەک لەو کەسانەی لەناو ماڵی کازمیدا بوون برینداربوون و لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرن.

کاردانەوە ناوخۆییەکان

بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، رێگەنادەن عێراق بۆ ناو بێسەرەوبەرییەک راپێچبکرێت و سیستمی دەستوری وڵات ھەڵبگەڕێنرێتەوە.

لە یەکەم کاردانەوەی ناوخۆییدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کارێکی تیرۆرستییە و مەترسیدارە."

سەرۆکی هەرێم داوای لەھەموو لایەکیشکرد کە دان بەخۆیاندابگرن و ھێمنی دۆخەکە بپارێزن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "هەوڵێکی ترسنۆکانە دراوە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێمە بە توندترین شێوە ئەم هەوڵە تیرۆریستییانە سەرکۆنە دەکەین."

چاوگێک لە نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مەرجەعییەتی باڵا ئیدانەی ھەوڵە شکستخواردووەکەی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، "ئەو کارە تیرۆرستییەی باڵاترین لایەنی لە وڵاتدا بە ئامانج گرت، بە ئاشکرا دیارە عێراق و گەلەکەی و سەقامگیری و ئاسایشی بە ئامانج گرتووە."

لەلایەن خۆیەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەكەین و پێویستە رێز لە سەروەری و سەقامگیریی عێراق بگیرێت و بە هەوڵی هەموو لایەک رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستیانە بگیرێت."

هاوکات، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی، "هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستدرێژییەکی ناڕەوایە بۆ سەر سەروەری وڵات."

نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، "بە ئامانج گرتنی شوێنی مانەوەی مستەفا کازمی کارێکە جێگەی قەبوڵکردن نییە و بە ئامانجی ئالۆزترکردنی دۆخی ئەمنی گشتییە."

کاردانەوەی گروپە چەکدارییەکان

ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی گروپی چەکداری حزبوڵای عێراق لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، ھەرکەس بییەوێت زیان بەو "بونەوەرە فەیسبووکییە" بگەیەنێت رێگەی دیکە زۆرن بیانگرێتەبەر.

لەلایەن خۆیەوە، قەیس خەزعەلی ئەمنیداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، "ھێرشەکەی سەر شوێنی مانەوەی مستەفا کازمی بۆ تێکەڵکردنی دۆسییەکان و بەستنەوەیەتی بە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی بەردەم دەروازەی ناوچەی سەوزە."

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

یۆنامی لە راگەیانراوێکیدا ئیدانەی هەوڵی کوشتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هەوڵی کوشتنی کازمی دەکەن و ئاسودەن بەوەی کازمی و هیچ کام لە ئەندامانی تیمەکەی زیانیان بەرنەکەوتووە.

نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا راگەیاند، "بەدواداچون بۆ ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرش کراوەتە سەر شوێنی مانەوەی."

ھاوکات، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران لە تویتەری خۆی رایگەیاند، ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق فیتنەیەکی نوێیە.

حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، "هەموو جۆرە ترساندن و تیرۆر و سیاسەتی توندوتیژی رەتدەکەینەوە و شانبەشانی حکومەتی عێراقی دەوەستین بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هەوڵێک سەقامگیری ئەو وڵاتە تێکبدات."

هەروەها، هەریەک لە رێکخراوی کۆمکاری عەرەبی و سعودیە و کوەیت و ئیمارات و تورکیا و لوبنان و قەتەر و میسر بەتوندی ئیدانەی هەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقییان کرد و داواشییان لە هەموو لایەک کرد دانبەخۆیاندابگرن بە ئامانجی سەرکەوتنی لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی کردەوەکە.













گەلەری