سەردێڕ:

حکومەتی عێراق هاوکاری کەسوکاری قوربانیانی پارێزگای دیالە دەکات

PM:05:04:28/10/2021

4600 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا، بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەکو هاوکاری پێشکەش بە کەسوکاری قوربانییەکانی ئەم هێرشەی دوایی چەکدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای دیاله بکات و هەشت ملیۆن دیناریشی بۆ ئاوارەکان تەرخانکرد.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانیکردنیان بۆ قەزای موقدادیەی سەر بە پارێزگای دیالە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕی ١٠ ملیۆن دیناری وەکو هاوکاری پێشکەش بە کەسوکاری قوربانییەکانی هێرشەکەی ئەم دوایەی داعش کرد و هەشت ملیۆن دیناریش بۆ ئاوارەکان دابینکرد.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایکرد، ئاماری ئەو خێزانانەی کە لە گوندەکانی میساق و نەهرول ئیمام بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارەی ناوچەکانی خۆیان بوون، ژمارەیان تا ئێستا گەیشتووەتە ٢٢٧ خێزان.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر ئەو خێزانانە لە نێو مزگەوتەکاندا جێگایان بۆ خۆیان تەرخانکردبوو، بەڵام دواتر دابەشکران بەسەر چەند خانویەکدا و حکومەتیش کرێی خانوەکانیان بۆ دابین دەکات.

وەزارەتی کۆچی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، پێیدەچێت لە رۆژانی داهاتوودا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی، ئەو خێزانانە بگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئاوارەکانی خانەقین تا ئەو کاتەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە ئارام دەبێت.

دوای رووداوەکەی شەوی سێشەممەی رابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر گوندێکی سەر بە پارێزگای دیالە ١٣ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون و زیاتر لە ۷۰ خێزان لە شارەبانەوە ئاوارەبوون و روویان لە ناوەندی پارێزگای دیالە کرد.

مـ، کـ

کـ، ئـ













گەلەری