سەردێڕ:

کێکی دەسەڵات درزی خستەنێو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە

AM:11:54:05/07/2022

23884 جار خوێندراوەتەوە

سەدر هەموو هەوڵەکانی بۆ شکستپێهێنانی پێکهاتنی حکومەت خستۆتەگەڕ، مالیکی بەڵێنی داوە بەشداری بکات بەسەدرییەکان لەپێکهێنانی حکومەت و بارزانیش داوای گرەنتی دەکات. لەبەرامبەردا، چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەگەیشتوونەتە رێککەوتنکی یەکلایی کارەوە.


دوای ٢٣ رۆژ لەکشانەوەی سەدرییەکان لەپەرلەمان، هێشتا وێنەیەکی روونی داهاتووی عێراق دەرنەکەوتووە.

سەدر هەموو هەوڵەکانی بۆ شکستپێهێنانی پێکهاتنی حکومەت خستۆتەگەڕ، دوا هەوڵیشی بریتییە لەوەی لە هەفتەی دوای جەژنی قوربان نوێژێکی بەکۆمەڵ لە چەند شارێکی عێراق بەڕێوەبچێت، وەک فشار و دەرخستنی تواناکانی رەوتەکەی.

لەلایەکی دیکەوە، نوری مالیکی کە دەیەوێت چوار ساڵی دیکەو بۆ جاری سێیەم ببێتە سەرۆک وەزیران، بەڵێنی داوە بەشداری بەسەدرییەکان لە پێکهێنانی حکومەتدا بکات، بەڵام هێشتا هاوبەشەکانی دانیان بەوەدا نەناوە کە ببێتە کاندیدی هاوبەشی شیعەکان.

گەرچی بەهۆی دوژمنایەتی لە مێژێنەی مالکی و سەدر، پێناچێت سەدر بەم هەنگاوە رازی بێت، بەڵام پشتێکردنی هاوپەیمانەکانی، ئەگەرێکی بۆ ئەو پرسە هێشتووەتەوە.

حسەن زرکانی وتەبێژی پێشووی سەدرییەکان رایگەیاند، "سەدر هیواخواز بوو پارتی و سیادەی حەلبوسی دەستلەکاربکێشنەوە، بەڵام ئەوەی روویدا شتێکی دیکە بوو".

بارزانی چی دەیەوێت؟

لەلایەکی دیکەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەیەوێت هاوشێوەی ٢٠١٨ی لێنەیەت و وەكو گەرەنتییەك بۆ دانوستانەكان، وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری كردووە بە مەرج بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت کە لەژمارەتی ئەمڕۆیدا بڵاوکراوەتەوە، پارتی مەرجی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە، بەر لە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێدراوەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت، كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تێپەڕێندرێت.

مەرجەكەی بارزانی وەكو بەربەستێكە لەبەردەم ئەو دانوستانەی كە چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازە بەخێرایی ئەنجامی بدات بۆ ئەوەی تاوەكو جەژنی قوربان‌ و كۆتایی ئەم هەفتەیە بگاتە رێككەوتن، ئەوانەی لەناو ماكینەی دانوستانی چوارچێوەی هەماهەنگیدان دەڵێن: سوربوونی پارتی لەسەر ئەم مەرجە دەبێتە هۆی داڕمانی دانوستانەكان.

پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەردوو حزبە كوردییەكە "پارتی ‌و یەكێتی" راگەیاند، ئەگەر لەناو خۆیاندا لەسەر كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەنە رێككەوتن، ئەوا چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگ بەكاندیدەكەی یەكێتی دەدات.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند، " ناچارنین سازش لە پۆستی سەرۆك كۆمار بكەین ‌و هەرگیز لەسەر ئەمە دانوستان ناكەین، بەتایبەتیش كە دۆخی سیاسی ئێستا توانای سەرخستنی كاندیدەكەمان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار "بەرهەم ساڵح" پێدەدات، لەسەر دۆسیەكانی تر لەگەڵ پارتی دانوستان دەكەین".

تاكە شتێك كە یەكێتی بۆ پارتی بكات لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە ئەوەیە كاندیدەكەی بۆ پۆستەكە بگۆڕێت نەك پۆستەكە بدات بە پارتی.

لەنوێترین هەڵوێستیدا، چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆی به‌ ئاماده‌بوونى سەرجەم سەرکردە و سەرۆکى فراکسیۆنە سیاسییەکانی سازکرد و راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، داوا له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان دەکەن كه‌ کاندیدی خۆیان بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق یەکلایی بکەنەوە.

ناکۆکیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە یەکگرتوو بوون لەبەرامبەر رەوتی سەدردا، لەکاتی دابەشکردنی کێکی دەسەڵاتدا هەمان یەکگرتوویان نیە و هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رێککەون، بەتایبەت دەیانەوێت کاندیدەکەیان کەسێک بێت سەدر پێی رازی بێت.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئیئتیلافی نەسر لە تویتێکیدا مەرجەکانی خۆی بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی حکومەت ئاشکرا کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە، دابەشبوونی سیاسی و ئاڵناگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و ئابوری و سەروەری عێراق، پێویستی کردووە دەسەڵاتێکی میانگیر هەبێت بتوانێت کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت و جێگەی پێشوازی لێکردن بێت لەلایەن سەرجەم هێزەکانەوە.

ئەوەشی خستبووەڕوو، پێویستە ئەو حکومەتەی پێکدەهێنرێت نیشتیمانی و بەتوانا و بەهێزبێت و گونجاوبێت بۆ قۆناغێکی دیاری کراوبۆ چاکسازی کردن لە دۆخی ئابوری و پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کار.

حەیدەر عەبادی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەگەر حکومەتێک بە شێوەیە نەبێت ئەوا ئامادەنین بەشداری تێدابکەن و خۆیان بخەنە دۆخێکەوە کە بەرەو نادیارییان ببات.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر، رێگا لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی کرایەوە تا بەشێوەیەکی بەرفراوانتر دەست بە گفتوگۆکانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە لەگەڵ لایەنەکان دەست پێبکات، بەڵام تائێستا سەرکەوتوونەبووە و دۆخی سیاسی عێراق چەقبەستوویی تێنەپەڕاندووە.













گەلەری