سەردێڕ:

تورکیا ڤیتۆی بەرامبەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ بەکارهێنا

PM:06:23:18/05/2022

6972 جار خوێندراوەتەوە

دوای پێشکەشکردنی داواکاری بەئەندامبوون لە رێکخراوی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ، لەلایەن سوید و فینلاندەوە، تورکیا مافی ڤیتیۆی لە دەستپێکردنی رێکارەکانی بە ئەندامبوونی هەردوو وڵات لە رێکخراوەکە پێشکەش کرد و ئەوەش بووە هۆی دواخستنی دەستپێکی بەئەندامبوونی وڵاتەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانتارتانی حزبەکەی کە پارتی داد و گەشەپێدانە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، ئەوان ناتوانن پێشوازی لەو وڵاتانە بکەن کە 'تیرۆرستان' رادەست ناکەنەوە و پشتیوانی تیرۆر دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فرانسپرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەردۆغان وتویەتی، "جێگەی قبووڵ نییە بۆمان دوو وڵات کە پشتیوانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن، داوای بەئەندامبوون لە ناتۆ بکەن."

رەجەب تەیب ئەردۆغان دووبارە داوای لە سوویدیش کردەوە بۆ رادەستکردنی ئەو کەسانەی بە 'تیرۆرست' ناویان دەبات.

هۆشداریشی دا بە نوێنەرانی هەردوو وڵاتی سوید و فیلاند، کە رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، سەردانی ئەنقەرە دەکەن و پێی وتن کە پێشوازییان لێ ناکرێت و بە کێشە وەری نەگرن.

ئەمڕۆ هەردوو وڵاتی سوید و فیلاند بەشێوەیەکی فەرمی داوای بەئەندامبوونیان لە رێکخراوی باکوری ئەتڵەسی تۆمار کرد، لە تەواوی ئەندامانی رێکخراوەکە، هیچ یەک لە وڵاتانی ئەندام کێشەیان لەگەڵ بەئەندامبوونیان نییە جگە لە تورکیا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان فیلاند و سوید تۆمەتبار دەکات بە پشتگیریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای کوردستان و جگەلەوەش داوا دەکات شوێنکەوتوانی فەتحوڵا گولێنی وتاربێژی ئیسلامییان رادەست بکەن کە تۆمەتبارکراوە بە کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ی تورکیا.

هاوپەیمانیەتییەتی یاخود رێکخراوی ناتۆ چییە؟

هاوپەیمانیەتی ناتۆ، هاوپەیمانییەکی سەربازی ئەوروپییە و لە نێوەندی جەنگی سارددا لەساڵی ١٩٤٩ بۆ بەرەنگاربونەوەی هاوپەیمانی 'وارشۆ' ی سەربە روسیا دروستکرا، لەسەرەتادا کاری پاراستنی ئەوروپای رۆژئاوا بوو لە دژی یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی هاوپەیمانی وارشۆ و هەموو وڵاتانی ئەندام بەپێی هێز و ئامێری سەربازی تێیدا بەشدارییان هەیە و بارەگای سەرەکی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە.

ناتۆ، لە ٢٨ ئەندام پێکهاتوە، کە هەریەکە لە وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا کە گەورەترین هێزی سەربازی هەیە تیایدا، فەرەنسا، بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، ئایسلاند، ئیتالیا، لوکسومبورغ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال و بەریتانیا و لەساڵی ١٩٥٢وە تورکیا و یۆنان و ئەلمانیای رۆژئاوای پێشوو بەشدار بوون و لە ١٩٥٥ و جارێکی تر دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا لە ١٩٩٠ بوون بەئەندام تیایدا و لە ١٩٨٢ ئیسپانیا و چیک و مەجەڕ و پۆڵەندا لە ١٩٩٩ و بولگاریا لە ٢٠٠٤ بوون بەئەندام.

بەدەر لە ٢٨ ئەندامەکەی خۆی لە کۆبونەوەی لوتکەی لاتیفیا لە ساڵی ٢٠٠٦ داوایان لە بۆسنە و هەرسک و سربیا کرد کە بچنە ناو هاوپەیمانییەکەوە.

ل.ل













گەلەری