سەردێڕ:

چەند زانکۆیەکی دیکەش قفڵ لە دەرگاکانیان درا

AM:10:00:15/05/2022

12160 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەریەک لە زانکۆکانی راپەڕین و چەرمۆ و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کرد و قفڵیان لەدەرگای زانکۆکاندا.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان و راگرتنی پەلەبەرزکردنەوەیان بایکۆتی دەوامییان کرد.

مامۆستایەکی زانکۆی چەرمۆ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مەبەست لە خۆپیشاندان و بایکۆتی دەوام پێدانی موچەکانیانە لەکاتی خۆیدا و پلە بەرزکردنەوەیانە بە گوێرەی رێنماییەکان.

وتیشی، سێ رۆژە موچەی مانگی ٣یان وەرگرتووە و هێشتا موچەی مانگی ٤یان وەر نەگرتووە.

مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چەند رۆژێکە موچەی مانگی سێیان وەرگرتووە و هێشتا موچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە و زۆر مافی دیکەشیان خوراوە.

دەشڵێت، کێشەی بینای زانکۆ و کەمی ستاف و فەرمانبەرانیشییان هەیە.

مامۆستایەکی دیکەش ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان جگە لە موچە داواکاری دیکەشیان هەیە و لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ رایدەگەیەنن.

هەروەها، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە راپەڕین ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی راپەڕین لەبەردەم زانکۆکە گردبوونەوەیەکیان سازکرد و بەردەوامی خۆیان لە بایکۆت کردنی دەوام راگەیاند تا داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی دەرگای زانکۆکەیان داخست و بەردەوامی بایکۆتییان تا کاتی جێبەجێبەکردنی داوکارییەکانیان راگەیاند.

دوێنێش، مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی قفڵی لەدەرگای کەمپی کۆنی زانکۆکەدا و مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێن تا موچەکانیان وەرنەگرن و داوکارییەکانیان جێبەجێنەکەن لە بایکۆت کردنی دەوام بەردەوام دەبن.

هەروەها، ئەحمەد محەمەد مامۆستای کۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لە نزیک کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆدا، مامۆستا زەنگین ئەبوبەکر ئەو مامۆستایەی قفڵی لە دەرگای زانکی سلێمانی دا لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستگیرکراوە، دەشڵێت، "ئەو مامۆستایە دەستگیرکراوە و نەفڕێندراوە."

 


نزار کەریم – هەڵەبجە

باخان تۆفیق – راپەڕین

کارزان تاریق – سلیمانی

سۆران محەمەد - چەمچەماڵ













گەلەری