سەردێڕ:

روسیا ئۆپراسیۆنە گەورەکەی بۆ دۆزینەوەی کەشتی مۆسکاڤا دەستپێکرد

PM:09:04:23/04/2022

8344 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانی دەریاوانی روسیا رایانگەیاند، سەرۆکی روسیا داوای لە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە ئۆپراسیۆنی "رزگارکردنی گەورە" ئەنجام بدەن بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی کەشتی مۆسکاڤا کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە تەقێندرایەوە و نقومی دەریابوو.


ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، شارەزایانی دەریاوانی روسیا ئاشکرایانکردووە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا داوای لە هێزی دەریای وڵاتەکەی کردووە ئۆپراسیۆنێک ئەنجام بدەن بە ناوی ئۆپراسیۆنی رزگارکەری گەورە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی کەشتی مۆسکاڤا.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە ئۆپراسیۆنەکەدا هەشت کەشتی گەورە بەکاردێت و لە ناوشیاندا کەشتی کۆمۆنا هەیە کە کۆنترین کەشتی جەنگی روسیایە.

دەشڵێن، ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکە پاراستنی نهێنییە سەربازییەکان و ئەو چەک و تەقەمەنیانەن کە هێشتا نەتەقیونەوە و ژێر ئاو کەوتوون و دەرهێنانی تەرمی ئەو سەرباز و دەریاوانانەی هێشتا نەدۆزرانەتەوە و لەگەڵ کەشتییەکەدا نقومی دەریا بوون.

هەروەها، های ساتون، شارەزای سەربازی ئاشکرای کرد، ئامانجی پوتین لەم ئۆپراسیۆنە گەڕاندنەوەی هەموو ئەو کەل و پەل و چەکە گرانبەهایەنە کە کۆدیان هەیە و ئامێری خاوەن شەپۆلی کورتن و کلیلی کۆدیان هەیە و ئاماژەن بۆ چەند هێمایەکی نهێنی، سەرەڕای ئەوەی چەکو تۆماری سەربازی تێدایە کەدەکرێت هێزی بیانی سودی لێببینن.

هاوکات، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، حکومەتی روسیا بە کەسوکاری ئەو دەریاوانانەی وتوە کە لەسەر کەشتییەکە بوون کوڕەکانیان بە کوژراو نانسێنن و قەرەبوو ناکرینەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، دوای ئەوەی کەشتی سەرکردە لە هێزی دەریای و کەشتەگەلی روسیا "مۆسکڤا" لە دەریای رەش گڕی گرت، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، کەشتییەکە بەتەواوەتی نقوم بووە.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەنراوێکیدا کە ئاژانسی هەواڵی تاسی روسی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەداوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئە جبەخانەیەی لەکەشتییەکەدا هەبووە، کەشتییەکە هاوسەنگی لەدەستداوە و لە دەریای رەشدا نقوم بووە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە دوای جەنگی ئۆکرانیاوە، ئەمە گەورەترین زیانی سەربازی و تەکنەلۆجی سەربازییە بەر هێز و سوپای روسیا بەگشتی و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە کەوتبێت.

کەشتی "مۆسکڤا" لە ساڵی ١٩٨٣ەوە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤێتی جارانەوە کەوتۆتە خزمەتکردن و لە دەستوەردانی روسیا لە دۆخی سوریا لە ساڵی ٢٠١٥ بەشداریکردووە.













گەلەری