سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی: ئێستا کاتی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی نییە

PM:05:00:23/04/2022

2988 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا و لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦دا باس لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بکرێت. دەشڵێت، "ناکرێت لە ئێستادا باز بەسەر سازاندا بدرێت و باس لە حکومەتی زۆرینە بکرێت".


عائید هیلالی سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، دەرچەیەک هەیە کە ئاماژە بەوەدەکات بەم نزیکانە حکومەتی بنکەفراوان لە رێگەی سازانی سیاسیەوە پێکبهێنرێت.

باسی لەوەشکردووە، بە بڕوای ئەوان جگە لە سازانی نیشتیمانی هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی.

لە بارەی پێکهێنانی حکومەتەیشەوە، عائید هیلالی رایگەیاند، سەرۆک کۆمار مافی بەرکەوتەی کوردە و سەرۆک پەرلەمانیش مافی بەرکەوتەی سوننەیە، هەر بۆیە سەرۆک وەزیرانیش مافی بەرکەوتەی شیعەیە، ئەمە بنەمایە و دەبێت پێکهێنەری حکومەت بەشێوەیەکی سەرەکی شیعەبێت.

دەشڵێت، ئەو لایەنە سیاسیانەی باس لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکەن با هەڵیبگرن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە ساڵی ٢٠٢٦، چونکە ناکرێت لە ئێستادا باز بەسەر سازانی سیاسیدا بدرێت و حکومەتی زۆرینە رابگەیەنیت، بەڵام دەکرێت لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە بکرێت لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢٦ حکومەتی زۆرینە پێکبهێنرێت و ئەو کات هەموو لایەن و فراکسیۆنێک دەزانێت چی بکات و چی بەردەکەوێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ محەمەد سەیهود، ئەندامی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، هەموو لایەنەکان هەستیان بە گرنگی رێککەوتنی نێوان رەوتی سەدر و هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردوە بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستویی دۆخی سیاسی.

دەشڵێت، پێشبینیدەکرێت رێککەوتن لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر بکرێت و چەقبەستویی دۆخی سیاسی دوای جەژنی رەمەزان کۆتایی پێبێت.

لەسەرەتای مانگی رمەزانەوە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ماوەی ٤٠ رۆژی خستە بەردەم سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی. هاوکات، کۆبونەوە راوێژکارییەکانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامن بەئامانجی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بە بەشداری چوارچێوەی هەماهەنگی و رەتی سەدر و جەختیش لەسەر حکومەتی سازان بەبەشداری هەموو لایەنەکان دەکاتەوە.













گەلەری