دادگا ناهێڵێت چیتر ئالان دیلۆن سامانە زۆرەکەی بەکاربهێنێت

PM:11:03:06/04/2024

384 جار خوێندراوەتەوە

ئەکتەری بەناوبانگی فەرەنسی ئالان دیلۆن لەلایەن دادوەرەوە خراوەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت تووشی جۆرێکی شێرپەنجە بووە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "سێرڤس پەبلیک دۆت" ، ئالان دیلۆن کە تووشی نەخۆشی لیمفۆما (جۆرێکی شێرپەنجەیە و خڕۆکە سپییەکانی خوێن بە شێوەیەکی نائاسایی گەشە دەکەن) بووە، لە مانگی کانوونی دووەمەوە خراوەتە ژێر پاراستنی دادوەرییەوە، نوێنەرێکی دادوەری دەستنیشانکراوە بۆ یارمەتیدانی لە بەدواداچوونی پزیشکی.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دوای ئەم بڕیارە دیلۆن چیتر ئازادییەکی تەواوی نییە بۆ بەڕێوەبردنی موڵک و ماڵی خۆی و ئەو بڕیارانەی کە دەتوانێت بیدات.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سێ منداڵەکەی دیلۆن شەڕێکی توند لەنێوان خۆیاندا دەکەن لەسەر موڵک و سامانەکانی باوکیان، ئەمەش لە دوای ئەوەی دیلۆن لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە باری تەندروستی تێکچووە و چەند جارێک تووشی جەڵتەی مێشک بووە.