ئایا نمایشەکانی WWE زۆرانبازیی راستەقینەن یاخود سیناریۆ؟

PM:08:43:03/04/2024

44148 جار خوێندراوەتەوە

رەنگە هەموومان ئەگەر بۆ جارێکیش بووبێت نمایشەکانی زۆرانبازیی ئازاد "WWE”ـمان بینیبێت، رەنگە هەندێکیشمان هەواداری بووبین و بۆ ماوەیەکی زۆر سەیری نمایشەکانی ئەو کۆمپانیایەمان کردبێت، بەڵام ئایا نمایش و زۆرانبازییەکانی WWE راستەقینەن یان سیناریۆیە وەک شانۆگەرییەک وایە؟

نمایشەکانی "World Wrestling Entertainment” کە ناسراوە بە "WWE” ، بینەرێکی زۆریان هەیە لە سەرانسەری جیهاندا لە ئێستا و رابردووشدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چێژ و جیاوازیی نمایشە زۆرانبازییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر، کە بەشێوەیەکی خۆشباریی نمایش و بەرنامەکانیان پێشکەش دەکەن.

راستین یان سیناریۆ؟

پێشتر بەهۆی ئاستی بەرزیی هونەریی و تەکنیکی زۆرانبازەکانەوە، بینەرانی WWE وایان هەست دەکرد کە ئەم نمایشانە راستین و بەڕاستی زۆرانبازی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام وەک کۆمپانیاکە خۆیشی ئاماژەی پێ دەکات، ئەمانە تەنها سیناریۆن و وەک شانۆگەرییەکی زنجیرەیی بەڕێوەدەچێت کە ئەڵقە بە دوای ئەڵقە رووداوەکان تێدەپەڕن.

بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت، هەندێکجار شەڕەکان دەگۆڕێن بۆ راستی، ئەویش یان بە رێککەوتنی نێوان زۆرانبازەکان و کۆمپانیاکە، یان هەندێک جاری دەگمەن بەهۆی توڕەبوونی زۆرانبازەکان و نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی خۆیان لە ناو یارییەکاندا، بە نموونەی نمایشێکی بڕۆک لێسنەر و براون سترۆومان کە چەند لێدانێکی راستیی لە یەکتر دەدەن لە یەکێک لە نمایشەکاندا.

زۆرانبازەکان بەشێوەیەک یارییەکە بەڕێوەدەبەن، کە لەلایەن بەرهەمهێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیا و بەرنامەکەوە سیناریۆی بۆ دادەنرێت کە کێ ببێتە براوە یان دۆڕاوەی یارییەکە، بەڵام بەڕێوەبردنی یاریی و نمایشەکان دەبێت خۆیان کۆنترۆڵی بکەن بەپێی ئەو مەشق و راهێنانەی پێیان کراوە بەپێی یاسای کۆمپانیاکە.

هەندێکجار ناوبژیوانەکان رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە بەڕێوەبردنی نمایشەکان و چۆنیەتی یاریکردنی یاریزانەکان، بەشێوەیەک کاتێک ناوبژیوانێکی WWE دەچێتە پێشەوە بۆ زۆرانبازێک و قسەی لەگەڵ دەکات، ئەوە ئەو شتەی پێ دەڵێت کە بەرهەمهێنەر لەرێگەی هێدفۆنەکەی گوێوە بۆی دەنێرێت کە زۆرانبازەکە ئەنجامی بدات، بۆ نموونە بەرهەمهێنەر لەرێگەی هێدفۆنەکەی گوێی ناوبژیوانەوە بە ناوبژیوانەکە دەڵێت "بە ڕاندی ئۆرتن بڵێ هەر ئێستا RKOئەنجامبدات" ، ناوبژیوانیش لە کاتی یارییەکەدا بەشێوەیەک بە راندی دەڵێ کە بینەر هەستی پێ نەکات و ڕاندیش بەشێوەیەک ئەو کارە ئەنجام دەدات کە سروشتی بێت و زۆرانبازی بەرامبەریش تێ بگەیەنێت کە شتێکی کتوپڕ هەیە و دەبێت ئەنجامی بدات.

نمایشەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ویلایەتەکانی ئەمریکا و لە یاریگای زۆر گەورەدا بەڕێوەدەچن، بەڵام هەندێک جار دەیهێننە وڵاتەکانی تری جیهان.