سەردێڕ:

لێبوردنى نێودەوڵەتى: ئەوانەى لە هەرێم رەخنە لە حکومەت دەگرن دەستگیر دەکرێن

PM:04:16:24/04/2024

1564 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى رایگەیاند، لە هەرێمى کوردستان ئەوانەى رەخنە لە حکومەت دەگرن دەستگیر دەکرێن و تۆمەتى ساختەیان دەدرێتە پاڵ.


رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى راپۆرتى ساڵانەى خۆی بڵاوکردەوە تێیدا باسى لە پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ لە ساڵى رابردوو دەکات و تێیدا هاتووە لە هەرێمى کوردستان، ڕەخنەگرانی حکومەت کە بڕیاردرابوو ئازادبکرێن لە زیندان ماونەتەوە ئەوەش دوای ئەوەى دەسەڵاتداران تۆمەتی نوێی ساختەیان لەدژیان جوڵاند.

رێکخراوەکە باسى لە کەیسى رۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری کردووە و دەڵێت ئەو دوو رۆژنامەنوسە دوای دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ـەوە زیندانی کرابوون.

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە نمونەى ئەوەی هێناوە کە گوهدار زێباری لە ١٦ـی ئابى ساڵی رابردوو کە بڕیاربوو لەو رۆژە ئازاد بکرێت ئاگادارکرایەوە کە تۆمەتبار کراوە بە تاوانێکی تر و هەر مایەوە لە دەستبەسەرکردن لە زیندانێکی ئاساییش، تا دادگاییکردنی لە 1ی تشرینی یەکەمى ئەو ساڵە، کاتێک کە سزای شەش مانگی دیکەی بەسەردا سەپێندرا بەهۆی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.

ئەوەشى وتووە، شێروان شێروانیش بڕیاربوو لە نۆی ئەیلول ئازادبکرێت، بەڵام لە ٢٠ـی تەمموز، دادگا سزای چوار ساڵی دیکەی زیندانیکردن بە تۆمەتی ساختەکردنی واژۆی گوهدار زێباری لەسەر داواکارییەک بۆ زیندانی چاکسازیی گەورانی هەولێر، هەرچەندە گوهدار زێباری پشتڕاستی رەزامەندی لەسەر رێگەدانەکە دەربڕی.













گەلەری