سەردێڕ:

بۆچی ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران دواکەوت؟

PM:12:24:04/05/2024

56672 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی هەبوونی گرفتەوە دواکەت، بەڵام ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، گرفتەکە تەنها لە دەرخستەی کۆتایی مانگی سێدا نەبووە، بەڵکو گرفت لە رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمدا هەبووە.


بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، جگە لەوەی دەرخستەی کۆتایی مانگی سێ گرفتی تێدابووە و دواتر لەگەڵ هەرێمدا گرفتەکە چارەسەرکراوە، گرفتێکی دیکەش هەبووە لەبارەی رادەستکردنی داهات لەلایەن هەرێمەوە بە حکومەتی عێراق.

تاوەکو ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دڵنیایی نەداوەتە عێراق لەبارەی رادەستکردنی داهاتەوە، کە ئاخۆ داهات رادەست دەکات یان نا، سەرەڕای ئەوەی لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و باج، بەڵام هێشتا هەرێم لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێکی کرداریی نەناوە، چونکە ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێبکرایە، دەبوو هەرێم داوای لە حکومەتی عێراق بکردایە بۆ گرتنەبەری رێکارەکانی رادەستکردنی داهات لە رێگای هەژماری بانکیی هەردولاوە.

لەکاتێکدا، ئەوە یەکێک بووە لە مەرجەکانی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بۆ ئەم مانگەش حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت، بەڵام لە مانگی داهاتووەوە هەرێم دەبێت پابەند بێت بە رادەستکردنی داهات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئایاردان، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات لیستی مووچەی مووچەخۆرانیان بۆ مانگی نیسان بۆ بنێرن، سەرەڕای درەنگ ناردنی لیستەکە لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام گرفت لە لیستەکە و دەرخستەی کۆتایی مانگی ئازاریشدا هەبوو، ئەوەش ناردنی مووچەی دواخستبوو و لە ئێستاشدا گرفتی ئەوە هەیە، کە هەرێم داهاتەکانی رادەستی بەغدا ناکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەغدا مووچەی مووچەخۆران بنێریت.
هێرش قادر، هەولێر
هـ.ئـ













گەلەری