سەردێڕ:

کۆمسیۆن: بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکانمان گۆڕی

AM:10:33:24/04/2024

2760 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق- لقی هەولێر رایگەیاند، لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتی دان و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان، پۆستی بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی هەولێر گۆڕانکاری تێداکراوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتی دان و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان مەروان محەمەد وەک بەڕێوەبەری نوێی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی هەولێر دیاریکرا.

باس لەوەش کراوە، ئەو هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤دا. 

لەلایەکی دیکەشەوە رۆژی یەکشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش هەزار و ٢٩٨ وێستگەی دەنگدان و هەزار و ٢٦٦ ناوەندی دەنگدان بەسەر هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی گشتی دابەش کراوە، بۆ دەنگدانی تایبەتیش، ٧٤٦ وێستگەی دەنگدان و ١٦١ ناوەندی دەنگدانیان پەسەند کردووە.

لە پاڵ فشارە ناوخۆییەکاندا، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش، لەوانە ئەمریکا، روسیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا گوشارەکانیان بۆسەر حزبەکانی دەسەڵات چڕکردووەتەوە و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دەکەن. تەنانەت سەرۆکى ئەمریکاش جەختی لەسەر کردەوە و سەرۆک وەزیرانى عێراقیش لە ئەمریکاوە هەفتەى پێشوو باسی لەوەکرد، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت مەترسى بۆ سەر قەوارەى هەرێم دروست دەبێت.

هاوکات پارتی و یەکێتی لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە بە بیانوی جیا جیا و لەترسی لە دەستدانی دەنگەکانیان بۆ چوار جار هەڵبژاردنەکەیان دواخستووە. بەڵام ئەمجارە ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن، بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە ناتوانن هەڵبژاردنەکە دوا بخەن.













گەلەری