شەوی رابردوو لە هەردوو بازاڕی شێخەڵا و بازاڕی نیشتمانی هەولێر ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک دوکان و شوێنکارى کاسبکاران سوتان، هاوکات لە دهۆکیش کارگەیەک سوتا و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، سەرەتا ئاگر لە بازاڕى شێخەڵا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک دوکان و مێز و شوێنکاری فرۆشیارانی بازاڕەکە سوتاون، زیانیش بەر کاسبکارانى دیکەى بازاڕەکە کەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری
شارستانی هەولێرەوە کۆنتڕۆڵکراوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە و وردەکاریی
زیانەکانی کردووە.
وتیشى، دواى دوو کاتژمێر، ئاگرێکى دیکە لە بازاڕى نیشتمان
لە ناوەندى شارى هەولێر کەوتووەتەوە و وەکو شایەتحاڵەکان باسیان کردووە، زیان بە
نزیکەى ٥٠ دوکان گەیشتووە.
لەلایەکی ترەوە و هەر شەوى رابردوو، بێوار عەبدولعەزیز
وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاگر لە کارگەیەکی ناوچەی پیشەسازی
لەنێوان زاخۆ و سێمێل کەوتەوە و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون و زیانى ماددى زۆرى
لێکەوتووەتەوە.