توێژینەوەیەک: سەگەکان راستی و درۆ دەناسنەوە

PM:02:01:31/07/2021

1912 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی زانکۆی ڤیێننا ئاماژەیان بەوەدا کە سەگەکان دەتوانن راستی و درۆ لە یەک جیا بکەنەوە و بەپێی مامەڵەکەی پێی دەزانن کاتێک مرۆڤێک بیەوێت هەڵیان بخەڵەتێنێت.

بەپێی هەوڵێکی ماڵپەڕی "روسیا تودەی"، لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Proceedings of the Royal Society B بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە سەگەکان درۆ و راستی مرۆڤەکان دەناسنەوە.

لە ئەنجامی کۆمەڵێک تێستدا کە بەسەر ٢٦٠ سەگی رەگەز جیاوازدا جێبەجێکراون، ئەوە دۆزرایەوە کە سەگەکان بەپێی هەڵسوکەوتی جیاوازی مرۆڤەکان و مامەڵەیان لەگەڵیاندا راستی و درۆ لە یەک جیا دەکەنەوە.

لە یەکێک لە تێستەکاندا، توێژەران دوو قاپیان بۆ سەگەکان دانا، یەکەمیان بەتاڵ و دووەم خواردنی سەگی تێدابوو، کاتێک کەسێکی نەناسراو دەهات و پێی دەوتن کە قاپی دووەم خواردنی تێدایە، سەگەکان قاپەکەیان تاقی دەکردەوە و کە خواردنەکەیان دەبینی دەستیان بە خواردن دەکرد و دواتر متمانەیان بە کەسەکە دەبوو.

کاتێک دووبارە  خواردنیان دەکردە قاپە بەتاڵەکەوە، هەر کەسێک دیمەنی خواردن تێکردنەکەی نەبینیایە و ئاماژەی بۆ قاپی خواردنەکە بکردایە سەگەکان باوەڕیان پێنەدەکرد.