منداڵێکی ١٤ ساڵ لەسەر لێسەندنەوەی مۆبایل شکات لە باوکی دەکات

PM:04:59:24/07/2021

2700 جار خوێندراوەتەوە

کوڕێکی چینی ١٤ ساڵ بەهۆی ئەوەی باوکی بەزۆر ئیشی ماڵەوەی پێکردوە سکاڵای یاسایی لەسەر باوکی تۆمار کرد و کەیسەکەی بووە جێی سەرنجی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئۆدتی سێنتراڵ"، باوکێک لە شاری ماناشانی چین بەزۆر کاری ماڵەوەی بە منداڵەکەی کردوە بەهۆی ئەوەی بێزار بووە لە بینینی منداڵەکەی کە بەردەوام تەماشای مۆبایلەکەی کردوە و ئەرکەکانی قوتابخانەی بەجێ نەگەیاندووە.

کاتێک منداڵەکە لە زۆرلێکردنەکانی باوکی بێزار بووە، بەبێ ئاگایی باوکی لەماڵ دەچێتە دەر و راستەوخۆ بەرەو بنکەی پۆلیس هەنگاو دەنێت و سکاڵا لەسەر باوکی دەکات و تاوانباری دەکات بە تۆمەتی "کارپێکردنی نایاسایی منداڵ".

کاتێک پۆلیسی ئێشکگر دەچێتە لای باوکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە، باوکی باس لەوە دەکات کە منداڵەکەی ئالودەی مۆبایلەکەی بووە و هیچ ئەرکێکی قوتابخانەی جێبەجێ ناکات و هاوکاری خێزانەکەی ناکات لە ئیشەکانی ماڵەوەدا، بۆیە ئەویش مۆبایلەکەی لێ سەندۆتەوە و بەزۆر کاری ماڵەوەی پێکردوە.

بەپێی یاساکانی چین ئەنجامدانی کاری ماڵەوە ناچێتە چوارچێوەی "کارپێکردنی نایاسایی منداڵ" بۆیە هیچ رێکارێکی ئەمنی لەدژی باوکی نەگیرایە بەر.

لە کۆتاییدا پۆلیس تەنها ئامۆژگاری باوکەکەیان کرد کە باشتر پەروەردەی منداڵەکەی بکات و لەسەر لێسەندنەوەی مۆبایلەکەشی ستایشی دەکات.