بۆ ئەو کەسانەی قۆڵۆنیان هەیە.. دەبێت چ خۆراکێک بخۆن و چی نەخۆن؟

PM:04:19:24/07/2021

32860 جار خوێندراوەتەوە

قۆڵۆن یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە زۆرێک لە خەڵکی بەدەستییەوە دەناڵێنن، لەباوترین نیشانەکانی دروستبوونی ئازارە لە ناو سکدا، نەخۆشییەکەی بەهۆی خواردنی هەندێک خواردنەوە دەکرێت ببێتە هۆی ناڕەحەتکردنی کەسەکە، پزیشکێکی پسپۆڕ باس لەو خواردنانە دەکات کە دەبێت بخورێن و ئەو خواردنانەی کە پێویستە لێی دووربکەونەوە.

د. زانا ئەحمەد پزیشکی پسپۆڕی هەناو لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کۆنیشانەى قۆڵۆنى شڵەژاو- Irritable Bowel Syndrome یان وەک ئەوەى لەناو خەڵکیدا پێى دەوترێ (قۆڵۆن) نەخۆشییەکى زۆر بەربڵاوە و ئەوەندە نەخۆشەکان ناڕەحەت دەکا، کار دەکاتە سەر ڕاپەڕاندنى کاروبارى ڕۆژانەشیان، و دەشڵێت: باشترین چارەسەریى ئەم نەخۆشییە بریتییە لە خۆپارێزى، ئەمەش لەڕێى خواردنى تەندروستەوە دەبێت، زۆر جارتووشبووانى ئەو نەخۆشییە دەپرسن "باشە چی بخۆین و چی نەخۆین؟" ئێمەش بەم جۆرە وەڵامیان دەدەینەوە:

ئەو خۆراکانی کە دەبێت بخورێن:

ئاو: هەتا پێتان دەکرێ زۆر بیخۆنەوە، بە جۆرێک کەمتر نەبێ لە ڕۆژیی هەشت پەرداخ.

ژەمەکان: هەر سێ ژەمە سەرەکییەکە بخۆن، باشتر وایە ئەو ژەمانە لە هەمان کاتدا بخورێن ڕۆژانە، پاشان دەبێت خواردنیش زۆر بە لەسەرخۆیی بخورێت.

یاپراخ و خۆراکى قوتووبەند و هی گەرم کراوەش لە پەرەپێدەرانى نەخۆشییەکەن، خۆتانیان لێ بەدوور بگرن. خۆراکى چەوریش لە هەندێک نەخۆشدا نیشانەکان زیاد دەکات.

ئەو خۆراکانەی دەبێت بە وریایی بخورێن و ئاگاداریان بن:

چای و قاوە: ڕۆڵێکى زۆریان هەیە لە دروست بوونى نیشانەکانى نەخۆشییەکەدا، بۆیە نابێ ڕۆژی سێ کوپ زیاتریان لێبخۆنەوە، ئەگەر بتوانن بەتەواوى دەستبەرداریان بن و بیانگۆڕن بە چاى گیایى ئەوا زۆر باشە، ئەو چایانە نەک پەرە بە نیشانەکانى نەخۆشییەکە نادەن، بەڵکو ڕۆڵێکى بەرچاویشیان هەیە لە نەهێشتنیاندا، بەتایبەت چایی (ڕازیانە) و پنگە و نەعنا.

دانەوێڵەکان: گەنم و جۆ و نان و سەموون لە گرینگترین هۆکانى پەرەسەندنى نەخۆشییەکەن، بەتایبەت ئەگەر کەپەکیان لێ نەکرابێتەوە (نانى بۆر) بۆیە لێیان دووربکەونەوە، ئەگەر هەر دەیخۆن سپی بخۆن، بەڵام خواردنى گەنمە شامى و برنج ئاساییە.

سەوزە و میوە: زۆر جار چارە نەبوونى نەخۆشییەکە بەهۆى سەوزە و میوە خواردنەوەیە، بۆیە پێویستا ئاگادار بیت کە بە چ بڕێک دەیخۆیت و کامیان دەخۆیت: (نیسک، فاسۆلیا، قەڕنابیت، سیر، پیاز، قارچک، کەلەرم، سێو، شووتى، گێلاس، هەرمێ) نابێ بخورێن، ئەوانى تر و بەتایبەت (گێزەر، خەیار، پەتاتە، تەماتە، باینجان، سپێناخ، کەرەوز، کاهوو، مۆز، ترێ، کیوی، لیمۆ، لالەنگى، پرتەقاڵ، توو) دەتوانرێ بخورێن، خواردنى تەڕەپیاز (بەپێچەوانەى پیازەوە) شتێکى ئاساییە، پاشان میوە بە وشککراوەیی مەخۆن و ڕۆژیی سێ جۆر میوەش زیاتر مەخۆن.

مەى و خواردنەوە گازییەکان: ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە دروستبوونی نیشانەکان هەربۆیە لێیان بەدوور بن لە ئازارى قۆڵۆن بەدوور دەبن.

شەکرە دەستکردەکان: بەتایبەت لە بنێشت و خواردن و خواردنەوەکانى تایبەت بە خۆلاوازکردنەوە و شەکرەداران هەن، بۆیە نابێ ئەمانە بخورێن.

چەرەساتەکان: فستق مەخۆن و بادەم بخۆن.

هەنگوین، چلوورە، مۆتا، کێک، پسکیت، پاقڵاوە و شیرینى لەو خواردنانەن کە نابێ بخورێن.

- داو و دەرمان: بەتایبەت هەندێک دەنکى تایبەت بە هەو کردن و ئازارشکێنی، نیشانەکانى نەخۆشییەکە دەردەخەن، بۆیە نابێ تا زۆر پێویست نەبن بخورێن. بەڵام (پاراسیتۆل) ئەو کێشەیەى نییە.

- وەرزش: ڕۆڵی بەرچاوى هەیە لە زیاد کردنى جووڵەى ڕیخۆڵەکان و کەم کردنەوەى فشارى دەروونى، کە هەردووکیان بەکارن لە نەهێشتنى نیشانەکانى ئەم نەخۆشییە. بەڵام ئەو کەسانەى کە تووشی نەخۆشییەکە هاتوون و پێشتر زۆر چالاک نەبوون، دەبێ وردە وردە دەست بە وەرزش بکەن، نەک ئەوەى یەکسەر دەست بۆ هى قورس ببەن.

ماوەتەوە بڵێین: ئەوە نییە هەموو نەخۆشەکان کێشەیان لەگەڵ یەکە بە یەکەى ئەو خواردنانەدا هەبێ، بەڵکو هەر یەکە و کێشەیان لەگەڵ چەند دانەیەکیاندا هەیە، دەبێ خۆیان لەگەڵ تێپەڕینى کاتدا بۆ خۆیانى بدۆزنەوە کە ئەوە کامەیە ناڕەحەتیان دەکات و دەستى لێبەر بدەن.