توێژینەوەیەکی زانستی نوێ ئاشکرایکردووە کە خواردنی
فستق بەشێوەیەکی رۆژانە کێشی جەستە دادەبەزێنێت و رێگە لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
دەگرێت.
وەك لە ماڵپەڕی "الوطن"دا باسکراوە، توێژەران
توێژینەوەیان لەسەر ئەو کەسانە کردووە کە کێشیان زیادە و داوایان لێکردوون کە رۆژانە
٤٢ گرام فستق بخۆن بۆماوەی چوار مانگ، لە ئەنجامدا بینیویانە کە کێشیان کەمی کردووە
و کەمەریان بچوك بوەتەوە.
ئەنجامەکان ئەوەشیان ئاشکرایکرد کە خواردنی فستقەکە
وایلێکردوون ئارەزووی خواردنی شیرینییان نەمێنێت، هەروەها فشاری خوێنیان دابەزیوە بەشێوەیەکی
بەرچاو.
فستق یەکێكە لە چەرەزاتە دەوڵەمەندەکان بە پرۆتین
و ریشاڵە بەسوودەکان و ماددە خۆراکییە وردەکان، هەروەها بە مەڵبەندێکی باشی ڤیتامین K و پۆتاسیۆم و فایتۆستیرۆل و ڤیتامین E و بێتا کارۆتین دادەندرێت.
زانایان ئاماژەیان بەوەشكردووە کە چەرەزاتەکان بە
باشترین مەڵبەندی ریشاڵی دادەندرێن کە رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە کرداری هەرسدا، فستقیش
هەردوو پێكهاتەی لۆتین و زیاکسانسینی تێدایە کە باشترین دژە ئۆکسیدەکانە کە خانەکان
لە تێكچوون دەپارێزێت.