بەم رێگە سروشتییانە چارەسەری قۆڵۆن بکە

PM:06:05:28/10/2021

58916 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی پسپۆڕ لە بابەتێکی تەندروستیدا، چەند ڕێنماییەکی خستووەتە ڕوو بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرس و کۆڵۆن بە بێ بەکارهێنانی دەرمان و بە ڕێگای سروشتی.

بابەتەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن د.بینایی کامەران پسپۆڕی زانستی خۆراکەوە نوسراوە.

ئەو پزیشکە پسپۆڕە بۆ رزگاربوون لە کێشەکانی هەرس و کۆڵۆن ئەم رێنماییانەی خستووەتە ڕوو:

-هێواش نانخواردن و باش جوينی خۆراکەکە و پەلەنەکردن لەکاتی نانخواردندا

-نەخواردنەوەی ئاو و ماستاو و شەربەت يان هەر خواردنەوەيەكی تر له گەڵ خواردن یان راستەوخۆ دوای خواردن. رێگە تەندروستەکەیە ئەوەیە "چارەکێک پێش خواردن و کاتژمێرێک دوای خواردن ئاو بخورێتەوە"

-نەخواردنی سەوزەی کاڵ وەک "کەوەر، كەرەوز، تەرەتيزه، شويت، تەرخون، پياز، برۆكلی، قەرنابيت و كەلەرم"، بەهۆی ئەوەی ریشاڵی نەتواوەیان تێدایە تەنها دەتوانرێت بە کوڵاوی بخورێت.

- خواردنی نان و سەموون و لەفە کەمبکرێتەوە و تەنها نانی تیری یان هەورامی بخورێت.

- خواردنی ريستۆرانت و فاست فود و پەتاته و گۆشتی برژاو نەخورێت.

-خواردنی دۆشاوی تەماته زۆر كەمبكرێتەوه، زياتر بەتەماته شلە و شۆربا لێبنرێت .

- توێكڵی ميوه نەخورێت، واتە "خەيار، سێو، هەنجير یان هەرشتێك توێکڵی هەبوو پاكبكرێت و بەبێ توێكڵ بخورێت.

-وازهێنان لە شەكر لەناو چا، ئيشی هەوير و شيرينی نەخورێت.

- نابێت شیر بخورێتەوە.

-چای خەست و قاوه نەخورێتەوە، بەتايبەتی بۆ ئەو كەسانەی دڵەكزێيان هەيه.

-هەندێك ميوەی وەك "ترۆزی، شوتی، كاڵەك، قۆخ و قەيسی كەمبكرێتەوه.

-هەندێك كەس ناڕەحەت دەبن بە خواردنی "نيسك، باينجان و تەماتەی كاڵ" دەتوانرێت كەمبكرێتەوه.

-دووركەوتنەوه لە خواردنی سورەوەكراو، دەبێت گۆشت و مريشك باش بكوڵێت پاشان بخورێن.

- نۆك و فاسۆليا و باقله، شەو بكرێنە ئاو و خوێ و پێش لێنان زەرد بكرێن، لە كاتی لێناندا سيریان تێبكرێت زیانی نابێت.

-زيادكردنی ڕازيانه و زەردەچەوه بۆ ناو چا، خواردنەوەی چای گوڵەبەيبوون.

-زۆر گرنگە ڕۆژانە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بەپێ بڕۆیت یان وەرزشکردن.

-زوو نوستن، پێویستە شەوانە لە کاتژمێر ١١ بۆ ١٢ بنویت و بەیانیان زوو لەخەو هەستیت.