ئەمشەو مانگی پەمەیی دەردەکەوێت

PM:01:54:01/04/2026

2196 جار خوێندراوەتەوە

مانگی پەمەیی "Pink Moon" ناوێکی تایبەتە کە دەدرێتە پاڵ یەکەمین مانگی پڕی وەرزی بەهار لە مانگی نیساندا.

بەپێی ماڵپەڕی beaconjournal""، ئەمشەو مانگی پەمەیی کاتژمێر ١٠:١١ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵات دەگاتە ئەوپەڕی پڕبوونی خۆی، سەرەڕای ناونانی بە "مانگی پەمەیی"، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕەنگی مانگەکە ناگۆڕێت هەر بە ڕەنگە ئاساییەکەی خۆی دەردەکەوێت، هۆکاری ناونانەکەشی پەیوەندی بە بۆشایی ئاسمانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سروشتی زەوییەوە هەیە.

ناونانی ئەم دیاردەیە لە کلتووری کۆنی گەلە ڕەسەنەکانی ئەمریکاوە هاتووە، لە سەرەتای بەهاردا جۆرە گوڵێکی کێوی بە ناوی "Phlox subulata" کە ڕەنگەکەی پەمەیییە زۆربەی ناوچەکانی ئەمریکای باکوور دەپشکوێت چونکە پشکوتنی ئەم گوڵانە هاوکاتە لەگەڵ مانگی پڕی نیسان، بەم هۆیەشەوە ناوی "مانگی پەمەیی"یان لێ ناوە.

ئەمساڵ مانگی پەمەیی گرنگییەکی زیاتری هەیە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ وادەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەرکی "ئارتمیس ٢"، ئەو ئەرکەی کە بڕیارە مرۆڤ دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ جارێکی دیکە بچێتەوە بۆ سەر مانگ.