ڕێگەیەکی ژاپۆنی بۆ داگرتنی کێشی جەستە بە خواردنی مۆز

PM:02:53:27/10/2021

21960 جار خوێندراوەتەوە

توێژەر و پسپۆڕانی خۆراکی ئەڵمانی لە گۆڤاری فۆیندین باسیان لەوەکردووە کە خواردنی مۆز لە بەیانیاندا یەکێکە لەو ڕێجیمانەی لە وڵاتی ژاپۆن سەریهەڵداوە لەساڵی ٢٠٠٨ەوە و کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر کێشی جەستە.

بە یەکێک لەو ڕێگە و ڕێجیمانەش هەژمارکراوە کە زۆر خێرا کاریگەرییەکانی دەردەکەون و دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ دابەزاندنی کێش بەرلە چوونە ئاهەنگ و بۆنەکان بە کاتێکی دیاریکراو.

شێوازی ڕجیمەکە بەجۆرێکە مۆز بەتەنیا یاخود لەگەڵ شیردا دەخورێت وەک ژەمی بەیانی لە ژەمەکانی نیوەڕوان و ئێواراندا هیچ خواردنێکی دیاریکراو نییە کە پێویست بێت کەسەکە پێوەی پەیوەست بێت.

هاوکات، لە ناوەڕاستی ژەمەکاندا خواردنی مۆزێک یاخود زیاتر لە دانەیەک ڕێگە پێدراوە وەک ژەمی سووک بەڵام نابێت بەهیچ جۆرێک هیچ جۆرە شیرینییەکی دیکە بخورێت و پێویستە کەسەکە لەدوای کاتژمێر هەشتی شەوەوە هیچ جۆرە خۆراکێک نەخوات و لە نزیک کاتژمێر دوانزەی شەویشدا بخەوێت.

لەبەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە، مۆز هاوکاری سیستەمی چالاکی جەستە دەکات لە بەیانیاندا و وادەکات کە هەستی تێری بە زووی بە مرۆڤەکە بگات، بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری پۆتاسیۆم و ماددە کانزاییەکانی تێدایە هاوکاری ڕێکخستنی چەورییەکانی جەستە دەکات.

بەهۆی ئەوەی مۆز دەوڵەمەندە بە مادەەی فرکتۆزنابێت مۆز ببێتە ژەمی بەیانی بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەڵام پەیڕەوکردنی ئەم ڕێجیمە هاوکاریت دەکات لەوەی بەشێوەیەکی خێرا کێشی جەستەت دابگریت.

وەک هەمیشە پسپۆڕان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکان شتێکی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانیت بەردەوام بیت لە دابەزاندنی کێش تا دەگەیت بە کێشی دروستی خۆت.