تیمساحێک بووە بە ڕووەکی و لەباتی گۆشت برنج دەخوات

PM:10:17:25/10/2021

4912 جار خوێندراوەتەوە

سری ئەنانساپورا پەرستگایەکە دەکەوێتە ناوچەی کیرالای کاساراگۆدی باشوری ڕۆژئاوای هیندستان، بووەتە ماڵی تیمساحێک بەناوی بوبایا کە ماوەی ٧٠ ساڵە تێیدا دەژی.

ماڵپەڕی odditycentral لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردووە کە بوبایا تیمساحێکی گەورە و بەتەمەنە و ماوەیەکەی زۆرە لە پەرستگای هیندۆسەکان دەمێنێتەوە و بەردەوام چاوەڕوانی ژەمە خۆراکەکەی دەکات پێی بدرێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە تیمساحەکە لە سروشتی خۆی دەرچووە و ئەو ژەمە خۆراکەی چاوەڕێی دەکات پێ بدرێت برنجە نەوەک گۆشت و ئەم شتەش تازە نییە و ماوەیەکی زۆرە کە بە برنجی کوڵاو دەژی و هیچ کێشەیەکیشی لەگەڵیدا نییە.

ئەو کەسانەی سەردانی پەرستگاکە دەکەن ئاگاداری ئەوە نین کە تیمساحێک تێیدا دەژی و تەنها ئەو کەسانە دەزانن کە لە پەرستگاکەدا خزمەت دەکەن و هەرگیز هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ کەسێکیان.

یەکێک لەو کەسانەی سەرپەرشتی پەرستگاکە دەکات باسی لەوەکردووە کە تیمساحەکە وای لێ هاتووە تەنانەت پەلاماری ئەو ماسییانەش نادات کە لەگەڵیاندا لە هەمان گۆلە ئاودا دەژی و ڕۆژانە دوو جار خواردنی پێ دەدات بەیانیان و ئێواران و بە هەردوو ژەمە زیاتر لە کیلۆیەک برنج دەخوات و بە هیچ چۆریک گۆشتی پێ نادرێت.