مایکرۆسۆفت داخستنی کارەکانی لە پاکستان ڕاگەیاند

PM:05:41:07/07/2025

1132 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت داخستنی کارە ڕاستەوخۆکانی لە پاکستان ڕاگەیاند و کۆتایی بە ئامادەبوونی نزیکەی چارەک سەدەیەک هێنا لە وڵاتەکەدا.

کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە بەیاننامەیەکدا بۆ کۆمپانیای TechCrunchپشتڕاستی کردەوە کە خزمەتگوزاری کڕیارەکانی لە پاکستان لە ڕێگەی هاوبەشە ڕێگەپێدراوەکان و ئۆفیسە ناوچەییەکانی لە داهاتوودا بەڕێوەدەبرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێکەوتنە هەبووەکان و ئاستی خزمەتگوزارییەکان کاریگەرییان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە نابێت، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێک بۆ داڕشتنەوەی مۆدێلی کارکردنی لە سەرانسەری بازاڕە ناوخۆییەکان و جیهانیدا.

وتەبێژی مایکرۆسۆفت راگەیاند "ئێمە بە سەرکەوتوویی ئەم مۆدێلە لە چەند وڵاتێکی جیهان جێبەجێ دەکەین، کڕیارەکانمان لە پێشینەی کارەکانمان دەمێننەوە و دەتوانن چاوەڕوانی هەمان ئاستی بەرزی خزمەتگوزاری بکەن لە داهاتوودا"

هەرچەندە ئەم بڕیارە مشتومڕێکی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام کاریگەرییە ڕاستەقینەکانی لەسەر هەلی کار لە پاکستان سنووردارە و تەنها پێنج کارمەندی لەسەرە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کۆمپانیاکە هیچ تیمێکی ئەندازیاری لە وڵاتەکەدا نەبووە و سنووردار بووە بە بەبازاڕکردنی خزمەتگوزارییەکانی.

کشانەوەی مایکرۆسۆفت لە چوارچێوەی پلانی خۆپارێزی جیهانیدایە، کۆمپانیاکە لەم دواییانەدا نزیکەی ٤%ی هێزی کاری خۆی کەمکردووەتەوە واتە ٩٠٠ هەلی کار.

جەواد ڕەحمان، یەکەم بەڕێوەبەری مایکرۆسۆفت لە پاکستان، لە بڵاوکراوەیەکیدا رایگەیاند " ئەمە تەنها کشانەوەیەکی بازرگانی نییە، نیشانەیەکی نیگەرانکەری ژینگەیە کە تەنانەت کۆمپانیا گەورە جیهانییەکانیش ناتوانن تێیدا بژین".

ئەم کشانەوەیە ئاماژەیە بۆ ئەو ئاستەنگە فراوانانەی کە ڕووبەڕووی کەرتی تەکنەلۆژیای پاکستان دەبێتەوە، چونکە وڵاتەکە نەیتوانیوە خۆی وەک ناوەندێکی پێشەنگی خزمەتگوزارییەکانی تەکنەلۆژیای ناوچەیی بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی وەک هیندستان جێگیر بکات.

لەبەرامبەردا کۆمپانیا ناوخۆییەکان لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکانی وەک هواوی بەردەوامن لە زاڵبوون بەسەر ژێرخانی تەکنەلۆژیا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ بانکەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەندی لە پاکستان.