ئازاری ددان یەکێکە
لە توندترین جۆرەکانی ئازار کە ڕزگاربوون لێی ئەستەمە، بەڵام چەند ڕێگایەک هەن کە یارمەتی
کەمکردنەوەی ئازارەکە دەدات پێش ڕاوێژکردن بە پزیشک.
دکتۆر ماریا ڤۆڵکۆڤا
پسپۆڕی پزیشکی ددان و نەشتەرگەری چاندنی ددان ئاماژە بەوە دەکات، چەند ڕێگەیەک هەن
کە یارمەتیدەرن بۆ نەهێشتنی ئازاری ددان کە هەموو کەسێک دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.
پزیشکەکە ئامۆژگاری
ئەوەمان دەکات سەرەتا پارچە سەهۆڵێک بە خاولییەکی ئەستوور یان پارچە قوماشێک
بپێچەرەوە پاشان بیخەرە سەر شوێنی ئازارەکە چونکە سەرما یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی
ئازار و خاوکردنەوەی ئاوسان بەڵام نابێت لە ٢٠ خولەک زیاتر بێت هەروەها نابێت لەم
حاڵەتەدا راستەخۆ سەهۆڵەکە بەر پێستت بکەوێت.
بە وتەی ئەو نابێت
شوێنی ئازارەکە بەر گەرمییەکی زۆر بکەوێت چونکە توندی ئازارەکە زیاد دەکات و گەشەکردنی
هەوکردنەکە خێراتر دەکات.
پزیشکەکە پێشنیاری
ئەوەش دەکات ددانەکانت بشۆیت چونکە پاشماوەی خۆراک دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازار و هەوکردن،
بۆیە هەمیشە پێویستە بۆشایی دەم پاک بکرێتەوە دوای خواردن.
ئاماژەی بەوەشکرد " جێڵی ددان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە
کەمکردنەوەی ئازارەکە چونکە هەندێکجار بەکارهێنانی جێڵی بێهۆشکردنی ددان دەتوانێت یارمەتی
کەمکردنەوەی ئازار بدات بۆ ماوەیەکی کاتی"
غەرغەرەکردن بە
گیراوەی دژە بەکتریا یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازار چونکە دژە بەکتریا ژمارەی
وردە زیندەوەرە نەخۆشخوازەکان لە بۆشایی دەمدا کەمدەکاتەوە و بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی
کەمبوونەوەی ئازار.