هەموو ساڵێک لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا، وەک رۆژی جیهانی تەندروستی دەروونیی
دانراوە، گرنگە بزانرێت تەندروستی دەروونیی چییە و بە چ شێوازێک دەتوانرێت
پارێزگاری لێ بکرێت وەک چۆن گرنگی بە تەندروستی جەستە دەدرێت.
ماڵپەڕی "سامسا"ـی ئەمریکی لە بابەتێکدا، بە وردی باس لە
تەندروستیی دەروونی دەکات و کێشەکانی باس دەکات، هەروەها ئاماژە بە چارەسەرەکانی دەدرێت،
وەک هەموو کێشەیەکی تەندروستی، دەروونیش دەکرێت کێشەی بۆ پەیدا ببێت.
تەندروستی دەروونیی بریتییە لە باشبوونی هەستەکان، سۆز و پەیوەندی
کۆمەڵایەتی کەسێک، کاریگەرییەکانی لە کاردانەوە، دەربڕینی هەستەکان، دیاریکردنی
هەڵبژاردەکان بە راستی و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ فشارەکاندا دەردەکەون.
تەندروستی دەروونیی لە
هەموو قۆناغەکانی ژیاندا گرنگە، لە منداڵی و هەرزەکارییەوە تا تەمەنی پیریی، لە
ماوەی ژیانتدا ئەگەر تووشی کێشەی تەندروستی دەروونی ببیت، ئەوا بیرکردنەوە و باری
دەروونی و رەفتارەکانت کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت.
گرنگترین جۆرەکانی تێکچوونی
تەندروستی دەروون بریتین لە "خەمۆکی، تێکچوونی کەسایەتی کۆمەڵایەتی، دڵەڕاوکێ،
شیزۆفرینیا، ئازاردانی کەسییەتی، فشاری دەروونی".
زۆر هۆکار هەن بۆ تێکچوونی
تەندروستی دەروون، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١. هۆکارە
بۆماوەییەکان، بۆهێڵەکان، کاردانەوەکانی مێشک.
٢. یەکێک لە
ئەندامەکانی خێزان پێشتر تووشی ئەم کێشەیە بووبێت.
٣. توندوتیژی لە کاتی
منداڵیدا.
٤. هۆکاری کۆمەڵایەتی،
وەک تەنها بوون یان فۆبیای کۆمەڵایەتی.
٥. فشاری درێژخایەن
لەسەر کەسەکە، بۆ نموونە لەسەر شوێنی کار یان ماڵەوە.
- بەمشێوەیە چارەسەر
بۆ کێشەی تەندروستی دەروونیی وەربگرە:
١. رێگەی یەکەم دەبێت
پەیوەندی بە پزیشکی پسپۆڕەوە بکەیت تاکو بزانیت چۆن مامەڵە دەکەیت لەگەڵ ئەم
کێشەیە.
٢. خۆت بە دوایدا بچۆ
و زانیاری زیاتری لەسەر وەربگرە، بەتایبەت ئەو کێشە دەروونییەی تۆ تووشت بووە.
٣. رێککردنەوەی سیستمی
خەو، خەوتنێکی باش سوود بە مێشک و دەروونت دەگەیەنێت.
٤. پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانت فەرامۆش مەکە، بەتایبەت کاتێک پێویستت بە یارمەتییە.
٥. بە ناو سروشتدا
بگەڕێ و پشوو بە مێشکت بدە.
M.B