سەردێڕ:

میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لێکدانەوەی یاسایی جیاوازی لێدەکەوێتەوە

PM:04:55:27/01/2022

4752 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار بەگوێرەی دەستور لەناو پەرلەماندا دەبێت و بۆ ئەمەش پێویستە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەمەش لێکدانەوەی یاسایی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە.


حاکم شێخ لەتیف پسپۆڕی یاسای دەستوری لەبارەی رێژەی پێویستی ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان "نیساب" بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەگوێرەی مادەی٧٠ لەدەستوری عێراق دەبێت.

دەشڵێت، ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکی کۆمار بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامەکانی ھەڵدەبژێرێت، ئەمەش بەواتای ئەوەی دەبێت ٢٢٠ ئەندام ئامادەی دانیشتنەکەبێت، ئەوکات دەبێت دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێکە بەدەستبهێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ھیچکام لە کاندیدەکان ئەو زۆرینەیەی نەھێنا، ئەوا دەنگدان لە نێوان ھەردوو ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانیان بەدەست ھێناوە دووبارە دەکرێتەوە، ئەوەی زۆرترین دەنگی ھێنا دەبێت بە سەرۆک کۆمار.

هەروەها، لەبارەی دروستبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر دەقە دەستورییەکە، حاکم شێخ لەتیف وتی، ئەم دووبەرەی دروستکردووە و هەر یەکێکیان بەڵگە و بیانوی خۆی هەیە، ئەوانیش:

یەکەم: ئەوانەی لایەنگرانی کەمینەی پەرلەمانین، واتە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە رابەرایەتی نوری مالکی، دەڵێن: دەبێت لە دەنگدانی یەکەمدا دوو لەسەر سێ واتە ٢٢٠ ئەندامەکە ئامادەببێ ئینجا دەست بەدەنگدان بکرێ، ھەر کاندیدێک زۆرینەی دوو لەسەر سێی ھێنا دەبێت بەسەرۆک کۆمار ، ئەگەر هیچکام لەکاندیدەکان ئەو دەنگەی بەدەستنەهێنا، ئەوکات دەنگدان لە سەر ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان ھێناوە دوبارە دەکرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، بەدیدی ئەمان ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادەنەبێ ناکرێ پەرلەمان بڕوات بۆ گەڕی دووەمی دەنگدان، واتە دەڵێن رێژەی پێویستی ئامادەبوون لە دانیشتنی یەکەمی دەنگدان دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە، بیانوی ئەمان ئەوەیە کە دەستوری عێراق لەسەر بنەمای سازان "تەوافوقی" نوسراوەتەوە و بۆیە پێویستی کردوە کە دوو لەسەرسێ ئامادەبن بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە کاریگەرەکان سازان بکەن و ئیرادەی زۆرینە زاڵ نەبێت، چونکە پێکھاتەی عێراق وایە ناکرێ بەزۆرینە بەرێوە ببرێ، دووەم دەڵێن، کە لە چوار خولی پێشووی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا بەو شێوەیە بووە و وەک عورفێکی دەستووری لێھاتووە کە ئەو عورفەش پشتی بەو بنەما سازانیەی دەستور بەستووە. دەشڵێن، ئەگەر پەرلەمان بتوانێ بچێت بۆ دەنگدانی دووەم بێ ئەوەی دوو لەسەر سێ ئامادەبێ، کەواتە حیکمەت لە بڕگەی یەکەمی مادەکە چییە؟

دووەم: لایەنگرانی زۆرینەی پەرلەمانین بەرابەرایەتی موقتەدا سەدرو ھاوپەیمانەکانی و پێیان وایە کە رێژەی پێویستی ئامادەبوونی دانیشتنی پەرلەمان بریتییە لە ئامادەبوونی نیو کۆ یەکی پەرلەمانتاران، واتە ١٦٥ ئەندام، لەو کاتە ئیتر دەرگای دەنگدان دەکرێتەوە، ئەگەر لەدەنگدانی یەکەم ھیچ کاندیدێک ئەو زۆرینەیەی نەھێنا، واتە دوو لەسەرسێ، ئەوا پێویستە پەرلەمان بچێت بۆ دەنگدانی دووەم لەنێوان دوو لەو کاندیدانەی زۆرترین دەنگیان ھێناوە.

حاکم شێخ لەتیف لەبارەی هۆکاری ئەوەی لایەنگرانی زۆرینە ئەو جۆرە لێدانەوەیە بۆ دەستوردەکەن دوو هۆکارن:

یەکەم: دەقەکە ئاماژەی بەوەنەداوە رێژەی پێویستی ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان بۆ دانیشتن دوو لەسەر سێیە ئینجا دەبێ دەست بەدەنگدان بکرێت ئەگەر وای بوتایە دەبوایە لانی کەم دوو لەسەر سێ ئامادەبێ ئینجا دەست بەدەنگدان بکرێت، دوەمیش بڕگەی دووەمی مادەکەیە کە دەڵێت، ئەگەر ھیچ کاندیدێک لە خولی یەکەمی دەنگدان ئەو رێژەیەی بەدەست نەھێنا پەرلەمان دەنگدان لە دوو کاندیدی زۆرترین دەنگ دووبارە دەکاتەوە، ئەگەر ئەم برگەیەش نەبوایە پێویست بوو دوو لەسەر سێ ئامادەبێت و ئەو رێژەیەش بەدەس بێت بۆ بوون بەسەرۆک کۆمار، ئەگەر دەستور بیویستایە بە دوو لەسەرسێ بێت وەک مادەی ١٣٨ی قۆناغی راگوزەری کە باسی لە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرد وەک ئەو مادەیە یەک بژاردەی دەدا کە ئەویش دوو لەسەر سێیە. جگە لەوەش، دەشڵێن: کە دەستوری عێراق لە ھەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکە سازانی نەکردوە بەبنەما بەڵکو زۆرینە، دەستەی سەرۆکایتی پەرلەمان بەزۆرینەی رەھا ھەڵدبژێردرێت ، حکومەتیش بەزۆرینەی رەھا متمانە وەردەگرێت، سەرۆکایەتی کۆماریش ھەر لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت بە زۆرینەبێت بۆیە مادەکە بڕگەی دووەمی ھەیە.

حاکم شێخ لەتیف وتیشی، ئەمانە ھەردوکیان بۆچوونن، بڕیار بەدەست سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانە، ئاساییە ھەرکامیان وەربگرێت و بڕیاری کۆتاییش لای دادگای فیدڕاڵیە.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر پەرلەمان هەرکام لەو دوو دیدەی وەرگرت و بڕیاری لێدا، ئەوا لایەنەکەی دیکە دەتوانێت لای دادگای فیدڕاڵی تانەی لێبدات و بڕیاری یەکلا کەرەوەش بۆ ئەو دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل نامیق لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی ئێن ئاڕ تی بڵاویکردووەتەوە لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کێدەبێت؟ دەنووسێت، ئێستا رەنگە قۆناغێکی نوێ ھاتبێتە پێش، فشاری ئەمەریکا لەسەر ئێران لەلایەک و جوڵەکانی وڵاتانی کەنداو بەیارمەتی میسر و پاکستان دژی ئێران لەلایەکی دیکە، ھەلی خۆرێکخستنەوە و بەھێزبوونی بۆ سوننەکان رەخساندووە.

دەشڵێت، عەرەبی سونەی عێراقیش بەوە بەناوبانگن، ھیچ کات لەقۆستنەوەی ھەل درێغیان نەکردووە، بۆیە پێدەچێت مامەڵەیەکی عاقڵانە لەگەڵ ئەم ھەلەدا بکەن.

لەبەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا دەڵێت، تێکچوون و پەرتبوونی ماڵی شیعە ھێڵی سورە بەنیسبەت ئێرانەوە، پێناچێت ئێران لەم بابەتەدا ھەر سەیرکەر بێت، ئەمە جگە لەوەی خستنی دۆستەکانی ئێران و دورخستنەوە و پەراوێزخستنیان لەدەسەڵاتدا، کارێکی ئاستەم و قبوڵنەکراوە لەدیدی ئێرانەوە.

لەبارەی دابەشبوونی ماڵی کوردی، ئیسماعیل نامیق دەنوسێت، ئێران خۆشحاڵ نیە بەپەرتبوونی ناوماڵی کورد، چونکە دەزانێت بەپەرتبوونی ماڵی کورد، زۆنی زەرد بەتەواوی دەچێتە بەرەی سعودیە. تورکیاش دەستکراوە تر دەبێت بۆ زیاترکردنی ھەژموون و قەڵەمڕەویی خۆیی لەم زۆنە و ناوچە سونە نشینەکان، ئەمە جگە لەوەی لەمپەڕی گەورە دروست دەبێت لەبەردەم کشانی دەوڵەتی ویلایەتی فەقیە و دروستبوونی ھیلالی شیعە.

هەروەها، لەبارەی دابەشبوونی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و هەڕەشەکانی یەکێتی بۆ پارتی، ئیسماعیل نامیق ئاماژەی بەوەداوە، یەکێتی لەخۆیەوە و پشت بەست بەھێزی خۆی ھەڕەشە ناکات، چونکە یەکێـتی و ھەموو کەس باش دەزانێت، کە مانەوەی ھاوپەیمانێتیی بارزانی و سەدر و حەلبوسی بەیەکگرتوویی، ھەلی یەکێتی بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار لەئاستەم نزیک دەکاتەوە.

لەکۆتایی نوسینەکەیدا، ئیسماعیل نامیق دەنوسێت، ئێستا کە سەدر دروشمی (لا شرقیە ولا غربیە) بەرزکردۆتەوە، حەلبوسیش بەئاماژە پێمان دەڵێت: (لا شیعیە ولا کردیە)، کەچی کورد دوای ئەو ھەموو ساڵە لەبەڵێندان بە بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان، تازە بەتازە دەیەوێت لەژێر ناونیشانی (لا برھم و لا ھوشیار) بەشداریی لەحکومەتی تازەی عێراقدا بکات.

دەشڵێت، دەبێت پارتی و یەکێتی باش بزانن، نە بارزانی لەگەڵ حەلبوسی و خەنجەردا دەبێت بەخەنجەر بەدەست، نە تاڵەبانیش لەگەڵ مالکی و حەکیم دا دەبێت بە مالک و بە حەکیم.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ دوای تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکان و بەپشتبەستن بە یاساکانی خۆکاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٢، لیستی ناوی ئەو کەسانە رادەگەیەنرێت کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی شوباتی ٢٠٢٢ وادەی دانیشتنی پەرلەمان دەبێت تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.


 













گەلەری