تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی دوو رووداوی جیاوازی هاتوچۆوە لە بەرزاییەكانی بانی مەقان هەشت کەس برینداربوون.
شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو لە بەرزاییەكانی بانی مەقان لە كاتژمێر ١ی شەودا دوو رووداوی ھاتوچۆ روویانداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رووداوی یەكەمدا لە پێکدادانی
بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێكی دیكە شەش کەس
برینداربوون كە تەمەنیان (١٧ و ٢٠ و٢٢ و ٢٣ و ٢٦و ٣٢) ساڵن.
باسی لەوەشکردووە، بەھۆی سەختی برینەكانیان سێ لە بریندارەكان
رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی كراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رووداوی دووەمیشدا كە حاڵەتێكی
وەرگەڕان بووە لە نزیک شوێنی رووداوی یەكەم روویداوە و لە كاتژمێر ٣ و ٣٠
خولەکی شەودا روویداوە.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ راشیگەیاندووە،
ژنێكی تەمەن ٣٥ ساڵ و منداڵێكی ١٠ ساڵ برینداربوون.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان
لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم، بەوتەی شارەزایانی
هاتوچۆش بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە
پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.