سەردێڕ:

هەسەدە: زیاتر لە ٨٠٠ چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانمان کردووە

AM:08:37:26/01/2022

3500 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانى سوریاى دیموکرات رایگەیاند، ٨٠٠ چەکداری داعشى هەڵاتوو لە زیندانى غوێران خۆیان رادەستی هێزەکانیان کردووە، دەشڵێت، زیاتر لە ٢٥٠ چەکداری داعش کوژراون.


فەرهاد شامی بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پاش شەش رۆژ لە بەردەوامی شەڕ لە نێوان چەکدارانی داعش و هەسەدە لە زیندانی غوێران، ٨٠٪ی زیندانەکەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و چاوەڕوانیش دەکەن لە ماوەیەکی نزیکدا بە تەواوى زیندانەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

فەرهاد شامی وتیشی، نۆ شەڕڤان کە وەک دیل لەلایەن ئەو چەکدارانەوە گیرابوون رزگارکراون.

باسى لەوەشکردووە، چەکدارانی داعش زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی سیڤیلیان کردووە بە بارمتە و هەڕەشەی کوشتنیان دەکەن ئەگەر زیندانەکە چۆڵنەکەن، بەڵام ئەوان ئۆپراسیۆنەکەیان بەردەوامە تاکو تەواوى زیندانەکە و تەواوى هەڵاتووەکان دەستگیردەکەنەوە و ئەو هاوڵاتییە سڤیلانە رزگار دەکەن.

گرتوخانەی غوێران دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعشی تێدایە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ٢٠ ئەم مانگە، ژماره‌یه‌ک چەکدارى داعش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان له‌به‌رده‌م زیندانی غوێران لە حەسەکە تەقاندەوە، دواتریش روبه‌ڕوی ئاسایشی و پاسه‌وانی زیندانه‌كەش‌ بونه‌وه،‌ بەو هۆیەشەوە بەشێک لە زیندانییە داعشەکان هەڵاتن و تا ئێستاش دەیان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.













گەلەری