سەردێڕ:

جارێکی دیکە پێکدادان لە نێوان ژمارەیەک عەرەبی هاوردە و جوتیارانی کورددا روویدا

PM:03:23:25/01/2022

5064 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە گوندێکی سنوری کەرکوک چەند هاوڵاتییەکی عەرەبی هاوردە ویستوویانە دەستبەسەر زەوی ژمارەیەک جوتیاری کورددا بگرن ئاڵۆزی روویداوە و هاوڵاتییەکی عەرەب بە سوکی برینداربووە.


بەگوێرەی زانیارییەکانی دیار محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆدا، ژمارەیەک هاوڵاتی عەرەبی هاوردە کە نووسراوى دادگاى تەمیزى کەرکوکیان پێبووە لەگەڵ شارەزایەکی رووپێوى زەوی، چوونەتە گوندى یەنگیجەى سەر بە قەزاى داقوقى پارێزگاى کەرکوک گوایە بەشێک لە زەوییەکانی گوندەکە موڵکى ئەوانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش گەیشتنى عەرەبە هاوردەکان جوتیارە کوردەکانى گوندەکە دەچنە سەر زەوییەکانیان و لەسەر زەوییەکە لە نێوان هاوڵاتییە عەرەبەکان و جوتیارە کوردەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی دروست دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، دواتر ناکۆکییەکە فراوانتربووە و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی عەرەب سەری شکاوە و برینداربووە و ئۆتۆمبێلێکیش دراوەتە بەر بەرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و دوای ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لەو ناوچانەی هێزی کوردی تێدا بوو، کەوتە دەستی حکومەتی عێراقی و تاوەکو ئێستاش بەو شێوەیە ماوەتەوە و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبڕێت.













گەلەری