سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ١٢ کاتژمێرە چەندین شۆفێری تانکەر گیریان خواردووە و کەس ناچێت بە ھانایانەوە

PM:09:07:20/01/2022

7872 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ١٢ کاتژمێرە چەند شۆفێرێکی تانکەر لە رێگای ئاخجەلەر گیریان خواردووە و وەک خۆیان دەڵێن، تەلەفۆنیان بۆ چەند لایەنێک کردووە و کەس ناچێت بە ھانایانەوە.


ئەو شۆفێرانە ڤیدیۆیان بۆ ئێن ئاڕ تی ناردووە و بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، ژمارەی شۆفێرەکان زۆرە و لە ٨ی بەیانییەوە نانیشیان نەخواردووە.

باسیان لەوەشکرد، کە لە ئێستادا لەسەر شەقامەکە گیریان خواردووە و پلەکانی گەرماش زۆر نزمن و سەرمایانە.

ئەو شۆفێرانە ئەوەیان بۆ ئێن ئاڕ تی خستەڕوو، کە پەیوەندییان بە چەند لایەنێکی پەیوەندیدارەوە کردووە، بەڵام پێیان وتوون ئەوە رێگایەکی لاوەکییە و بەو جۆرە فریا دەکەون.

وتیشیان، کە تەنھا یەک حەفارە چووە یەک رێگای بۆ چۆڵکردوون و وتوویەتی تەنھا ئەوەندەم پێدەکرێت.

ئەو شۆفێرانە لە رێگای ئێن ئاڕ تییەوە داوای بەھاناوەچوون دەکەن و داوادەکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکان بچن بە دەمیانەوە و رزگاریان بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفربارین سەرجەم ھەرێمی گرتووەتەوە و بەھۆیەوە رێگای ھاتوچۆی نێوان شارەکانی ھەرێم پەکی کەوتووە. ھاتوچۆش داوا لە ھاوڵاتیان دەکات، بەھیچ شێوەیەک لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و لە دۆخی پێویستدا داوای تیمی فریاگوزاری بکەن.

ھـ.ئـ














گەلەری