سەردێڕ:

ئاگادارییەکی بەپەلە لە ھاتوچۆی ھەولێرەوە

PM:07:30:20/01/2022

10364 جار خوێندراوەتەوە

ھاتوچۆی ھەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە ''بانگەوازی بەپەلە''، تیایدا ھاتووە، پلەکانی گەرما بۆ ٥ پلە خوار سفری سیلیزی دابەزیون و رێگاکان بەستوویانە، نابێت شۆفێران بچنە سەر شەقام.


لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە، ''لەبەر دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ پێنج پلە ژێر سفر ، لەکاتی ئێستادا ڕێگای هەولێر شەقڵاوە، بەر لە تونێلی پیرمام لەهەردوو دیوی هەولێر و کۆڕێ؛ شەقامەکە بەستویەتی.''

 

ئەوەش خراوەتەڕوو،''ئێستا تیمەکانی پاراستن و چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان خەریکی ئەوەن کەبگەن بە سەرەتای شوێنی بەستنەکە بۆئەوەی خوێ لەسەر شەقامەکان بڕێژن.''

داواش لە شۆفێران دەکەن، ''تەنانەت بۆ دۆخی پێویستیش نچنە ڕێگاکە، چونکە دەربازکردنیان زۆر زەحمەتە و لە ئێستادا بەسەدان ئۆتۆمبێل لەهەردوو دیوی تونێلەکە گیریانخواردووە و ناتوانن جوڵە بکەن لەبەر شەختە.''

ھاتوچۆی ھەولێر رایگەیاندووە، ''نامانەوێت ئەو سەدانە ژمارەکەی بەرزببێتەوە بۆ هەزاران، شۆفێران تکایە تکایە مەیەنە دەرەوە و ئەو ڕێگایە زیاتر پەک مەخەن.''

ئەوەش دوای ئەوە دێت، بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی ٢٠١٧وە بەفر لە شاری ھەولێر باری و بەھۆیەوە ئاستەنگی ھاتوچۆ لە رێگا سەرەکییەکانی شارەکە دروست بووە.‌

ھـ.ئـ

 

 













گەلەری