سەردێڕ:

لەکاتی رزگارکردنی براکەیدا گیانیلەدەستدا

PM:02:20:20/01/2022

19720 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان رایگەیاند، هاوڵاتییەک بە مەبەستی رزگارکردنی براکەی، کەتوشی رووداوی هاتوچۆبووە، پێش ئەوەی بیگاتێ بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیلەدەستداوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شۆفێرێکى تانکەر بەهۆى خلیکسانەوە ئێسکى حەوزى شکاوە و پەیوەندى بە براکەیەوەکردووە کە ئەویش شۆفێرى تانکەرە بۆ ئەوەى بیگەیەنێتە نەخۆشخانە.

ئاماژەی بەوەشداوە، براکەشی بەدەمییەوە هاتووە تا رزگاری بکات، بەڵام لە نزیک تونێلی دەربەندیخان ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە و بەپێ بەرەو لای براکەی چووە، پێش ئەوەى بگاتە لای براکەی لە رێگادا بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕەوە گیانیلەدەستداوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو هاوڵاتییەی تووشی رووداوەکە بووە ناوی حەقی ئیسماعیل رەزایە و تەمەنی ٥٩ ساڵە و دانیشتووی کەلارە، براکەشی ناوی عیمران ئیسماعیل رەزایە و تەمەنی ٥٢ ساڵ بووە و دانیشتووی خانەقین بووە.

دەشڵێت، لە ئێستادا تەرمەکەی بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید تۆفیق و پشکنینی رەوانەی پزیشکی دادی دەربەندیخان کراوە و بریندارەکەش چارەسەری پێویستی بۆ کراوە.













گەلەری