سەردێڕ:

ئایا لەتیف رەشید کاندیدی یەکێتییە؟

PM:01:11:17/01/2022

9248 جار خوێندراوەتەوە

دکتۆر لەتیف ڕەشید، کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت ئەو کە خۆی کاندیدکردووە پرسی بە کەس نەکردووە، بەڵام بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی پرۆگرامەکەی پەیوەندی لەگەڵ هەموو هێز و کوتلەکان کردووە و زۆربەیان پشتگیری پرۆگرامەکەیان کردووە.


دکتۆر لەتیف ڕەشید لەچاوپێکەوتنێکدا لەدەنگی ئەمریکا بڵاو بۆتەوە، ئامادەنەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا کاندیدی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە یاخود خۆی بەسەربەخۆ خۆی کاندید کردووە، وتیشی" لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەم کردووە بەڵام داوام لە کەسیان نەکردووە واژۆم بۆ بکەن ڕێککەوتنم لە گەڵ بکەن تێگەیشتنی باش هەیە لە نێوان من و هەموو لایەنەکاندا."

سەبارەت بەوەی دەوترێت پۆستی سەرۆک کۆماری لە عێراقدا، پۆستێکی تەشریفیە، د. لەتیف ڕەشید دەڵێت" من لەگەڵ ئەوەدا نیم، چونکە بە پێی دەستوری عێراقی، کە دەڵێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراقدا پێکدێت لە سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران."

هەرچەندە هەندێک بۆچونیان هەیە دەڵێن"پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پۆستێکی تەشریفاتیە و دەسەڵات و گرنگی بەو جۆرە نیـیە" بەڵام د. لەتیف ڕەشید ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو خۆی گوێی لەو قسەیە بووبێت و دەڵێت" من گوێم لەوە نەبووە هیچ کەس بڵێت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئەو گرنگیەی نیـیە و پۆستێکی تەشریفاتیە، بە پێچەوانەوە ئەوەی من گوێم لێبووە، هەموو کاتێک خەڵک ئەم پۆستەی( پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق) بە گرنگی داناوە، وە ئەگەر مرۆڤ ئەو پۆستەی وەرگرت دەبێت شانازی پێوە بکات و سەری خەڵک و عێراقیشی پێوە بەرز بکاتەوە."

دەربارەی گرنگی پۆستەکەش بۆ کورد ووتی:" پۆستی سەرۆک کۆمار گرنگی بۆ کورد زیاتر لەوەدایە کە دەتوانیت بەشداری لە حکومەتی عێراق لەو ڕێگەیەوە بکەیت (بەپێی دەستور بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن) بڕیارت لە ناو حکومەتی عێراقدا هەبێت وە خزمەتی کورد و عێراق لەو ڕێگایەوە بکەیت."

د. لەتیف ڕەشید خولی ڕابردووش خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستەدا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەم جارە گەرەنتی هەیە کە دەنگ بهێنێت؟

د. لەتیف ڕەشید لە وەڵامدا وتی" گەرەنتی چی، خۆ کەس گەرەنتی بە کەس نادات، ئەوە پرۆسەیەکی دیموکراسیەتە و لەو پرۆسەیەدا من خۆم بەشدار دەکەم."

د. لەتیف ڕەشید لەسەر ئەوەی کە پێشتر پرسی بە پارتی و بارزانی کردووە بۆ خۆ کاندیدکردن وتی " من بە ڕاستی پرسم بە کەس نەکردووە، بەڵام خۆم کاندید کردووە چونکە ئیمانم بە دیموکراتیەتە، هەموو کەس مافی هەیە لەو پرۆسەیەدا بەشدار بێت، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هێز و کوتلە و هەتا کەسایەتی کە پێویست بێت کردوومە."













گەلەری