سەردێڕ:

دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە بەغدا خرایە خوارەوە

PM:01:36:03/01/2022

4368 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە بەغدا لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق خراوەتە خوارەوە.


چاوگێکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی وت، لە نزیک کاتژمێر ٤ و ٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، دوو درۆن لە بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا بینراوە.

چاوگەکە باسی لەوەشکردووە، سیستمی دژە موشەک لەو شوێنەدا چالاک بووە.

لەوبارەیەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق وتوویەتی، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراویان خستووەتە خوارەوە.

لەبارەی زیانەکانەوە هیچ زانیاری و روونکردنەوەیەک لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراقەوە بڵاونەکراوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوو ساڵ پێش ئێستا بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکییەوە هەریەک لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئەوکاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی ئەو کاتی دەستەی حەشدی شەعبیی کوژران و ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لای ئێران و شیعەکانی عێراقەوە لێکەوتەوە.













گەلەری