سەردێڕ:

ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی کوشتنی شەڕڤانەکەی لیوای حەسەکە دەستگیرکران

AM:11:35:11/09/2026

316 جار خوێندراوەتەوە

دەزگا ئەمنییەکانی حەسەکە ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی تاوانی کوشتنی شەڕڤان (سامی شێخموس حەسۆ)یان دەستگیرکرد، و سیپان حەمۆ بریکاری وەزیری بەرگریی سوریا رایگەیاند، تەواوی ئەنجامدەرانی تاوانەکە کە عەرەبن رادەستی دادگا دەکرێن.


ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دوای رفاندن و کوشتنی دڕندانەی شەڕڤانێکی لیوای حەسەکە، شەپۆلێک ناڕەزایەتی ناوچەکەی گرتەوە، دەزگا ئەمنییەکان دەستبەجێ بەشێک لە تۆمەتبارانیان دەستگیرکرد و بەرپرسانی سەربازیش داوای ئارامییان لە هاووڵاتییان کرد بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری کاردانەوەکانی رووداوەکە.

بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، شەڕڤان سامی شێخموس حەسۆ (ناسراو بە سێپان حزنی) کە شەڕڤانێک بوو لە لیوای حەسەکە، دوای ئەوەی لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە بۆ دەوروبەری سەرێکانی رفێندرا، بە شێوازێکی نامرۆڤانە کوژراوە.

لە دوای رووداوەکە، سێپان حەمۆ بریکاری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری رۆژهەڵات لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان سەرکەوتووبوون لە دەستگیرکردنی بەشێک لە ئەنجامدەرانی تاوانەکە کە سەرجەمیان عەرەبن.

جەختیشی کردەوە، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تاوانباران و رادەستکردنیان بە دادگا بەردەوامن تا سزای دادپەروەرانەی خۆیان بەپێی قورسیی تاوانەکە وەربگرن، هاوکات بە تووندی ئیدانەی هەر وتار و بڵاوکراوەیەکی میدیایی کرد کە داوای توندوتیژی و نانەوەی ئاژاوەی نەتەوەیی دەکات و داوای لە هاووڵاتییان کرد ئارامگربن و بەدوای هۆکارەکانی فیتنەگێڕیدا نەڕۆن.













گەلەری