سەردێڕ:

مەکتەبی سیاسی پارتی: جەخت لەسەر ھەماھەنگی لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

PM:10:18:10/09/2026

788 جار خوێندراوەتەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێم، لە کاتێکدا یەکێتی و نەوەی نوێ ئامادەیی خۆیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رادەگەیەنن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، جەخت لەسەر هاوهەڵوێستیی لایەنەکان دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم تەبایی و هەماهەنگییە فاکتەری بنەڕەتییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان، هەروەها پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.

ئەم داوایەی پارتی لە کاتێکدایە کە دوێنێ چواشەممە ٩ـی ئەیلول، شاندێکی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا، لە دوای کۆبوونەوەکەش هەردوولا رایانگەیاند، بە تەواوی ئامادەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەنجام و ئیستحقاقی هەڵبژاردنەکان.

هاوكات هەردوو لایەنەکە هۆشدارییاندا لە دواخستنی ئەم پرۆسەیە و ئاماژەیان بەوە کرد، هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری پەکخستن یان دواخستنی پێکهێنانی حکومەت، بەرپرسیارێتیی تەواوی بەرامبەر خەڵک و هەر پەرەسەندن و دەرئەنجامێک دەکەوێتە ئەستۆ کە لە داهاتوودا روودەدات.













گەلەری