سەردێڕ:

حکومەتی عێراق بونیادنانی ١٥ شاری وەبەرهێنان رادەگەیەنێت

PM:09:43:10/09/2026

784 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەی پێنجەمی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكانی کرد و تێیدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی دروستکردنی ١٥ شاری نوێی وەبەرهێنان لە سەرجەم پارێزگاکان و رێکارەکانی دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەویی نیشتەجێبوون درا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا دروستکردنی ١٥ شاری نوێی وەبەرهێنانی راگەیاند، کە تێیدا ئاسانکاریی دارایی و قەرزی بانکی ناوەندی بۆ جێبەجێکردنی ژێرخانی شارەکان دەبەخشرێت، هاوکات بڕیار لەسەر دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەویی نیشتەجێبوون درا کە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش دەگرێتەوە.

هەروەها بڕیاریش درا لیژنەی تایبەتمەند لە پارێزگاکان پێكبهێنرێت بۆ ئامادەکردنی زەوییەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگە یاساییەکان و پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی مۆڵەتە وەبەرهێنانە پەککەوتووەکان لە بەغدا و نەینەوا.

زەیدی ئاشکرایشی کرد، پڕۆژەی شارە وەبەرهێنانییە نوێیەکان ١٥ شار لە سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە و رووبەری هەر یەکێکیان لە ١٠ هەزار دۆنم کەمتر نابێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان قەرزی بانکی ناوەندییان پێدەدرێت بۆ دروستکردنی ژێرخانی شارەکان، هاوكات کار ئاسانی دارایی بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت و دیزاینی شارەکانیش بەگوێرەی تایبەتمەندی و مێژووی هەر پارێزگایەک لەلایەن کۆمپانیای راوێژکاری پسپۆڕەوە دادەنرێت
.

لە بارەی پڕۆژەی دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەویی نیشتەجێبوونیش، زەیدی وتی، پڕۆژەکە ئەو کارمەندانەی کەرتی تایبەتیش دەگرێتەوە کە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینییان هەیە و خاوەنی خانوو نین.













گەلەری