سەردێڕ:

سەباح نوعمان: هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت قبوڵ ناکرێت

PM:02:00:10/09/2026

1196 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، رۆژی ٣٠ـی ئەم مانگە وادەی کۆتایی دەبێت بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانان. دەشڵێت، پڕۆسەی ڕێکخستنی چەک بەردەوامە و هیچ مۆڵەتێکیش بۆ چەکدانانی گروپە چەکدارەکان دیاری نەکراوە و جەختیشی کردەوە، هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت قبوڵ ناکرێت.


ئەمڕۆ پینجشەممە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند رۆژی ٣٠ـی ئەم مانگە (ئەیلوول) وادەی کۆتایی دەبێت بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پرۆسەی "عەزمی پۆڵاین" لە عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان لە دوای ئەو رێکەوتەوە دەچێتە قۆناغی هاوکاری و تەواوکارییەوه.

سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەک، ئەو وتەبێژە جەختیکردەوە، داعش لە عێراق کۆتایی هاتووە وهیچ مەترسییەکی نەماوە.

وتیشی، حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ نادات، دووپاتیشیکردەوە پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک بەپێی روانگەی حکومەت بەڕێوەدەچێت و هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراو لەگەڵ گروپە چەکدارەکان نییە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاشکرای کرد، ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بەرزبووەتەوە و رۆتین تێپەڕێنراوە، بە شێوەیەک هەرێمی کوردستان داواکراوان راستەوخۆ رادەستی سەنتەری هەماهەنگی دەکات.

باسی لەوەشکرد، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە پێشینەی کارەکانی فەرماندەی گشتییە و بەم زووانە بەرهەمی نوێ لە کۆریای باشور، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەگاتە دەست هێزەکان.













گەلەری