قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێم بەردەوامە و چاوەڕواندەکرێت ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق بڕیار لەسەر شێوازى چارەسەرکردنى قەیرانى بەنزین لە هەرێم بدات، سامانە سروشتیەکانی هەرێمیش دوو پێشنیارى نوێی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێش کە ئەندامى لیژنەکەى پەرلەمانى عێراقە بۆ لێکۆڵینەوە لە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەى هەرێم دەڵێت، پێشنیارەکانى سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین نییە.
قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە هەڵەبجە لەسەر نۆرەگرتن شۆفێران سزادەدرێن و لە دهۆک و هەولێریش پێدانی بەنزین کەمکراوەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت
ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر شێوازی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە لە هەرێم
بدات و هەوڵەکان لەو بارەیەوە خەریکە دەگەنە ئەنجام. کارەکانی لیژنەکەی پەرلەمانی
عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێم و چارەسەری قەیرانی سووتەمەنی
گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
لە نوێترین پێشهاتدا،
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم نووسراوێکی سەبارەت بە بەنزینی ٤٥٠ دیناری داوەتە
لیژنەکەی پەرلەمان و دوو پێشنیازی خستووەتە ڕوو؛ دابینکردنی ١٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی
ڕۆژانە، یاخود پێدانی لەسەدا ١٤ی کۆی بەنزین و سووتەمەنیی عێراق بە هەرێم لە بەرامبەر
ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەدا.
لەوبارەیەوە،
کاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق (لە فراکسیۆنی نەوەی
نوێ) دەڵێت، ئەم وەڵامەی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین نییە و
تەنها مەبەستیانە بڕی بەنزین زیاتر بکرێت بۆ بازرگانیکردن نەک بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتییان.
جەختیشی کردەوە کە تەواوی هەوڵەکانی ئەوان لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە نرخی لیترێک بەنزین
لە هەرێم بکەنە ٤٥٠ دینار.
ئەمەش لە کاتێکدایە
سامانە سروشتییەکان لە نووسراوەکەدا پێداویستیی ناوخۆیی هەرێمی بەم شێوەیە دیاریکردووە:
ڕۆژانە ٧ ملیۆن لیتر بەنزین، یەک ملیۆن لیتر گازوایل، ٥٠ هەزار لیتر سووتەمەنیی فڕۆکە،
دوو هەزار تۆن گازی شل و سێ هەزار و ٣٥٠ تۆن سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، جگە لە
٥٦٣ ملیۆن لیتر وەک پێویستیی ساڵانەی نەوتی سپی.
لە ئێستادا لیژنەکە
چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی نەوت دەکات بۆ ئەوەی ڕاسپاردەکانی لەو بارەیەوە بۆ سەرۆکایەتی
پەرلەمان بەرزبکاتەوە، دوای ئەوەش ڕاسپاردەکان دەخرێنە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی
عێراقەوە و دەنگیان لەسەر دەدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرباری قەیرانی بەنزین و نۆرەگرتنی دوور و درێژی
شۆفێران بۆ بەنزینی ٧٥٠ دیناری قائیمقامیەتی هەڵەبجە دەڵێت، لەسەر نۆرەگرتنی
پێشوەختە شۆفێران سزادەدەن.
لە هەولێریش گۆرانکاری لە رێکارەکنی فرۆشتنی بەنزینی ٧٥٠ دیناریدا کرا
و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە، ئەگەر شۆفێرێک بیەوێت بەنزینی ٧٥٠ دیناری بکرێت،
ئەوا جگە لە کارتی سوتەمەنی دەبێت کارتی نیشتیمانیشی پێبێت و هەردوو کارتەکە
بەناوی یەک کەسەوە بێت ئەوکات بەنزینی ٧٥٠ دیناری پێدەفرۆشرێت.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بڕی بەنزینی ٧٥٠ دیناریی
حکومی بۆ پارێزگای دهۆک کەم کراوەتەوە و هەر بەنزینخایەکە بڕی ٣٠ هەزار لیتر
بەنزینی ٧٥٠ دیناری پێدەدرێت و فرۆشتنی بە شۆفێرانیش لە ٤٠ لیترەوە کەمکراوەتەوە
بۆ ٣٠ لیتر.