سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق سێ پڕۆژەیاسا تاووتوێ دەکات

PM:09:38:07/09/2026

956 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری دانیشتنی ژمارە (١٨)ی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ بەڕێوەبچێت، کە تێیدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و ئاودێری و هاتووچۆ دەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی بڵاوکردەوە، کە تیایدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ڕێکخستنی کرێی خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و پڕۆژەی هەموارکردنی یاسای ئاودێری ئەنجام دەدرێت، هاوکات خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆ بۆ پڕۆژەی هەموارکردنی یەکەمی یاسای هاتووچۆ دەکات.

لە تەوەرەی یەکەمی بەرنامەی کاردا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی کرێی خزمەتگوزارییەکان لەو فەرمانگانەی دەوڵەت کە بەشێوەی ناوەندی داراییان بۆ دابین دەکرێت ئەنجام دەدرێت، کە پڕۆژەکە لە سێ ماددە پێکهاتووە و لەلایەن لیژنەکانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە وە داراییەوە ئامادەکراوە.

تەوەرەی دووەمی دانیشتنەکە تەرخانکراوە بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای ئاودێری ژمارە (٨٣)ی ساڵی ٢٠١٧، کە تەوەرەکە لە پێنج ماددە پێکهاتووە و لەلایەن لیژنەی کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، زۆنگاوەکان و ژینگەوە پێشکەش کراوە.

لە کۆتاییشدا، پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەی هەموارکردنی یەکەمی یاسای هاتووچۆ ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجام دەدات، کە لەلایەن لیژنەکانی ئاسایش و بەرگری وە داراییەوە پێشکەش کراوە.













گەلەری