سەردێڕ:

فەرمان بۆ دەرچووانی کۆن و دامەزراندن دەرکرا

PM:07:54:07/09/2026

1184 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ دابینکردنی پلەی دامەزراندن بۆ دەرچووانی کۆنی زانکۆ و پەیمانگاکان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧دا.


ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەیدی وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ دابینکردنی پلەی دامەزراندن و هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆن، لە رێگەی دامەزداندنیان بە هەمیشەیی یان بەشێوەی گرێبەست لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زەیدی بە فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە بۆ وەرگرتنی داواکاریی دەرچووانی کۆن، بەمەبەستی راکێشان و بەگەڕخستنی تەواوی توانا و لێهاتووییەکان لە ماوەی تەمەنی کابینەی ئێستای حکومەتدا.

فەرمانەکە وەزارەتی دارایی پابەند دەکات بە تەرخانکردنی پلەی دامەزراندنی هەمیشەیی یان دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا، بەپێی پێویستیی راستەقینەی وەزارەت و دامەزراوە گشتییەکان.

دەرچووانی کۆنی زانکۆ و پەیمانگاکان لە عێراق چەندین ساڵە لە رێگەی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی هێمنانەوە داوای دامەزراندنیان لە دامودەزگا حکومییەکاندا دەکەن، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا بەشێکی زۆری دامەزراندنەکان تەنها دەرچووانی یەکەمەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای (ماستەر و دکتۆرا)ی دەگرتەوە، دەرچووانی ساڵانی پێشوو لە دامەزراندن بێبەش ببوون، ئەم بڕیارەی سەرۆک وەزیران وەک وەڵامدانەوەیەک دەبینرێت بۆ گوشاری بەردەوامی ئەو دەرچووانە تاوەکو لە رێگەی بودجەی ٢٠٢٧ەوە بەشێک لە کەرتەکانی حکومەت پێویستیی کارمەندەکانیان بە هێزی کاری نوێ پڕبکەنەوە.













گەلەری