سەردێڕ:

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز زانیاری لەبارەی بەنزینی ٤٥٠ دیناری ئاشکرادەکات

PM:03:36:07/09/2026

1260 جار خوێندراوەتەوە

کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، وەڵام و پێشنیارەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بۆ بەغدا هەوڵ نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین، بەڵکو تەنیا بۆ بەدەستهێنانی بڕێکی زیاتری بەنزینە بە مەبەستی بازرگانیکردن.


ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دوو پێشنیاری ئاڕاستەی بەغدا کرد بۆ ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بەرامبەر دابینکردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری، پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند کە ئەو داوایەی وەزارەت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا نییە و جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکانی ئەوان بەردەوامە تاوەکو نرخی لیترێک بەنزین لە هەرێم بڕسێنرێتە ٤٥٠ دینار.

بەپێی نوسراوێکی فەرمی کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو داوایەکی ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کردووە تاوەکو بەغدا بەنزینی ٤٥٠ دینارییان بۆ دابین بکات. وەزارەت بۆ ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دوو پێشنیاری خستووەتە ڕوو، یەکەمیان ئەوەیە بەغدا ڕێژەی٪١٤ی ئەو نەوتەی بۆ پێداویستیی ناوخۆ تەرخانی دەکات (کە دەکاتە ١٤٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە) بداتە هەرێم، یان بە هەمان ڕێژە بەنزین و سووتەمەنی ڕەوانە بكات.

لە وەڵامی ئەم نوسراوەدا، کاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق (لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ) ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە هیچ جۆرێک مەبەستی چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی کێشەی سووتەمەنی نییە.

کاوە عەبدولقادر ئاماژەی بەوە شکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەنیا مەبەستییەتی بڕی بەنزین لە بەغداوە زیاتر بکات بۆ ئەوەی بازرگانیی پێوە بكات، نەک لە پێناو بەرژەوەندیی هاوڵاتییاندا بێت.

باسی لەوەشکردووە، کە هەموو هەوڵەکانی ئەوان لە بەغدا چڕ بووەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی بێگەرد نرخی لیترێک بەنزین لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا بڕسێنرێتە ٤٥٠ دینار.













گەلەری