سەردێڕ:

باندێکی قاچاخچییەتی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دەستگیرکران

PM:02:43:07/09/2026

1228 جار خوێندراوەتەوە

باندێک کە بەنیاز بوون ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بە قاچاخ لە بەغداوە بهێننە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی دیالەوە دەستگیرکران.


ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، فەرماندەیی پۆلیسی دیالە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدەستهێنانی زانیاریی وردی هەواڵگری و وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادگا، هێزەکانیان بەدواداچوونیان بۆ جوڵەی ئەو باندە کردووە کە مامەڵەیان بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و نایاساییەوە کردووە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، لە ڕێگەی دانانی بۆسەیەکی تووند و تۆڵ لەسەر ئەو ڕێگایەی بۆ قاچاخچێتییەکە بەکاریدەهێنن، توانراوە ئەندامانی باندەکە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیربکرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی بێسەرەتادا.

پۆلیسی دیالە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کاتی پشکنیندا دەستگیراوە بەسەر کۆمەڵێک پەڕاو و تۆماری تایبەت بە کڕین و فرۆشتن، کە وردەکاریی گواستنەوە و قاچاخچێتیی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی دیکەی بێسەرەتای تێدایە کە پێشتر گواستراونەتەوە.

هاوکات لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا تۆمەتباران بەڕوونی دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان گیراوەتەبەر بۆ تەواوکردنی ڕێکارە دادوەرییەکان.













گەلەری