سەردێڕ:

زەیدی شەش راسپاردەی بەپەلەی بۆ گۆڕانکارییەکانی دانیشتوان دەرکرد

PM:09:21:31/08/2026

724 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دانیشتووان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیرانی عێراق شەش راسپاردەی سەرەکیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دانیشتوان پەسەند کرد، لەوانە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤ وەک سەرچاوەی سەرەکیی پلاندانان وە بەهێزکردنی ئابووریی ئافرەتان لە رێگەی زیادکردنی ئاستی قەرزەکانەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دانیشتوواندا بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری هەرێمی کوردستان چەندین بڕیاری گرنگ دران، راسپاردەکان تەرخانکرابوون بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی دایکان و کۆرپەلە تا ساڵی ٢٠٣٠، وە ئاسانکاری و زیادکردنی قەرز بۆ ئافرەتان و پشتبەستن بە زانیارییەکانی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ داڕشتنی پلانە حکومییەکان و، پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هەمیشەیی بۆ چاودێریکردنی گەشەی دانیشتووان و پێکهاتەی تەمەن.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە شەش راسپاردەی سەرەکی دەرکرد کە بریتین لە:

١- رێکخستنی خێزان: ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی نیشتمانیی رێکخستنی خێزان و پشتیوانیکردنی بەرنامەکانی کەمکردنەوەی کەلێنی پێداویستییەکان تا ساڵی ٢٠٣٠.

٢- فراوانکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان: زیادکردنی مەڵبەندە تەندروستییەکانی تایبەت بە رێکخستنی خێزان لە ناوچە گوندنشین و دوورەدەستەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی مردنی دایکان.

٣- چاودێریی ساوا: پشتبەستن بە بەرنامەیەکی نیشتمانیی لە دامەزراوە حکومییەکان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی کۆرپەلە تا ساڵی ٢٠٣٠.

٤- بەهێزکردنی ئابووریی ئافرەتان: راسپاردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی بۆ زیادکردنی ئاستی قەرزەکانی ئافرەتان و ئاسانکاریکردن تیایاندا، لەگەڵ توێژینەوە لەسەر دامەزراندنی سندوقی پاڵپشتیی پروژە بچووکەکان بۆ کەمکردنەوەی بێکاریی ئافرەتان.

٥- پشتبەستن بە سەرژمێریی ٢٠٢٤: بەکارهێنانی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و خانووی ساڵی ٢٠٢٤ وەک بنکەی سەرەکیی زانیاری و پابەندکردنی وەزارەتەکان بە نوێکردنەوەی پلانەکانیان بەپێی ئەو داتایانە.

٦- لیژنەی باڵای گۆڕانکاریی دیمۆگرافی: پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هەمیشەیی بە سەرۆکایەتی وەزارەتی پلاندانان بۆ چاودێریکردنی نیشاندەرەکانی پێکهاتەی تەمەن و گەشەی شارستانی و بەرزکردنەوەی راپۆرتی ساڵانە.













گەلەری