ئەمڕۆ ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، یەکێتیی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە ۳۱ی ئابدا شاری هەولێر لەلایەن سوپای رژێمی بەعس و بە پشتیوانیی پارتی داگیرکرایەوە، کە بووە هۆی شەهیدبوون و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و کادرەکانیان، دەشڵێت، یەکێتیی لەسەر سیاسەتی مام جەلال لاپەڕەی نوێی هەڵداوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ داوای چارەسەری بنەڕەتیی ناکۆکییەکان و دروستکردنی هەرێمێکی پتهو دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی داهاتوو.
دەشڵێت،
ئەو رووداوە بووە مایەی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی کورد و شەهیدبوونی ژمارەیەکی
زۆری رۆڵەکانی گەلەکامان لە پێشمەرگە و فەرماندە و کادرانی یەکێتیی و هێزەکانی
ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، لەگەڵ بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەکی زۆر تێکۆشەر کە تا ئێستاش
چارەنووسیان نادیارە.
ئاماژەی
بەوەش کرد، ئەمڕۆ سێ دەیە بەسەر کارەساتی ٣١ی ئاب تێپەڕ دەبێت، کاتێک شاری هەولێری
پایتەختی کوردستان لەلایەن سوپای رژێمی بەعسەوە، بۆ پشتیوانی پارتی و دوای شەش ساڵ
لە راپەڕین و ئازادی داگیرکرایەوە.
وتیش،
یەکێتیی هەمیشە لە پێناو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکان و ناسۆرەکانی رابردووی بە
هەڵسەنگاندنی مێژوو سپاردووە تا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە، کە ئەوەش دەورانێکی
ئاوەدانی و پێکەوەیی بەدوای خۆیدا هێنا.
جەختیشی
لە چارەسەرکردنی یەکجارەکیی ناکۆکییە ناوخۆییەکان کردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆش
لەپێناو راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانیدا، کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێک
لەسەر بنەمای یەکڕیزی و هاوبەشی و خزمەتی دادپەروەرانە هەیە، تاوەکو هەرێمێکی پتهو
و سەقامگیرمان هەبێت و لە ئاست ئەرك و ئەگەرەکانی داهاتووی عێراق و ناوچەکەدا بێت.