سەردێڕ:

حەیدەر عەبوودی: عەلی زەیدی بانگهێشتی فەرەنسا و ئەڵمانیا کرا

PM:07:40:31/08/2026

656 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولدا سەردانی هەریەک لە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات، هاوکات گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی داڕشتنی بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧دا راگەیاند.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی هەردوو وڵات، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا سەردانی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوسەنگی عێراق و فرەچەشنکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدایە، بە مەبەستی دروستکردنی هاوبەشییەکی بەرهەمهێنەر لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا و خزمەتکردن بە بەرژەوەندی و سەروەریی خاکی عێراق.

ڕوونیشیکردەوە،  کە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ درێژکراوەی یاسای پێشوو نابێت و بە تەواوی جیاواز دادەڕێژرێت، بە جۆرێک کە دەبێتە گواستنەوەیەکی مێژوویی بەرەو سیستەمی بودجەی بەرنامە و ئەنجامەکان، و خەرجکردنی پارە بە تەواوی دەبەسترێتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەسەر ئەرزی واقیع و ئەمەش خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە سیاسەتی دارایی عێراقدا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی نەختینە.

باسی لەوەشکرد، هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێکارەکانی حکومەت تەنیا لە بەدواداچوونی گەندەڵکاراندا کورت نابێتەوە، بەڵکو کار دەکرێت بۆ بنبڕکردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، پڕکردنەوەی کەلەبەرە یاسایی و کارگێڕییەکان، و گەڕاندنەوەی سامانی بەتاڵانبراوی دەوڵەت پێش و پاش ئەنجامدانی هەر پێشێلکارییەک.

وتیشی، تا ئەو ئێستا ٢٦ هەزار سکاڵا دژی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت تۆمارکراون، لەبارەی وزەش لە مانگی ئابدا دوو ملیۆن و ٣٥٩ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە و مووچەی مانگی ئاب بە تەواوی دابینکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەت چاوەڕوانی ٣٠ـی ئەیلوولی داهاتوو دەکات، چونکە دەبێتە پێوەرێکی گرنگی سەروەری بۆ دەوڵەت و گەلی عێراق و لەو وادەیەدا کۆتاییی بە بوونی نێردەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق دێت.

هاوکات باسی لەوەکرد، دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە لە نێو کارنامەی وەزاریدا. ئەو رێکارانەی حکومەت لەم دۆسیەیەدا جێبەجێیان دەکات، گەڕانەوەیەکی ئاساییە بۆ رێکارەکانی دەوڵەت و بنەما دەستوورییەکان، چونکە دەستوور دروستکردنی هەر گرووپێکی چەکداری لە دەرەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان قەدەغە کردووە.

 













گەلەری